رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیاند، وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەران بەردەوامە، راشیگەیاند، لە پڕۆژەی بودجەی ساڵی 2027یش داوای پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران کراوە ئەگەر پەسند بکرێت ساڵی داهاتوو دەستپێدەکات.
رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند رۆژێکە وردبینی لە لیستی مووچە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا تەواو نەبووە."
لیستی مووچەی مانگی ئاب و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی تەممووز لە رۆژی 23-08-2026 رەوانەی بەغدا کران.
سەبارەت بە داهاتی نانەوتی، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی روونی کردەوە، بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دەبێت مانگانە هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا بنێرێت، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی داهات، هەرێمی کوردستان داوای کردووە بەپێی دەستوور تەنیا نیوەی داهاتەکە بنێردرێت. بەغدا ئەو داواکارییەی رەتکردووەتەوە و پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنە کۆنەکە دووپات کردووەتەوە.
لەبارەی دۆخی ئێستای داهات سەرچاوەکەی رووداو دەڵێت: "ئەم یەک دوو مانگە داهات بەراورد بە مانگەکانی کاتی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران و دوای جەنگ کەمێک باشتر بووەتەوە".
لە سێ مانگی رابردوودا، حکومەتی عێراق مووچەی هەرێمی کوردستانی بە شێوەی "مەقاسە" ناردووە، واتە بڕی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی لە کۆی پارەی مووچە بڕیوە. سەرچاوەکە دەڵێت: "بۆ ئەم مانگەش لە کاتی دابەشکردنی مووچەدا دەردەکەوێت کە ئایا جارێکی دیکە بە مەقاسە دەبڕدرێت یان داهاتەکە رەوانە دەکەین، داوای هەر کامە بکەن کێشەمان نییە".
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییەکانی مانگی ئابی رابردوو، پڕۆژەی پشکی بودجەی ساڵی 2027ـی رەوانەی بەغدا کردووە. سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "لەو پڕۆژەیەدا پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران زیاد کراوە و ئەگەر بەغدا رەزامەندی بدات، لە ساڵی 2027ـەوە پلەبەرزکردنەوە دەستپێدەکاتەوە".
بەپێی ئەو رەشنووسەی ئامادەکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها داوای پلەبەرزکردنەوەی 360 هەزار فەرمانبەر دەکات، کە لە ساڵی 2025 پلەبەرزکردنەوەیان راگیراوە.
بە گوتەی سەرچاوەکە، بۆ ساڵی داهاتوو، هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی 23 ترلیۆن دینار هەیە بۆ مووچە و بودجەی کارپێکردن، هەروەها زیاتر لە پێنج ترلیۆن دیناریشی بۆ بودجەی وەبەرهێنان پێویستە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی مانگی حوزیرانی ئەم ساڵدا لەگەڵ رووداو رایگەیاندبوو: "داهاتی ئێمە لە خراپترین دۆخیدایە." وەزیری دارایی وەک نموونە ئاماژەی بەوە کردبوو کە داهاتی مانگی یەکی ئەم ساڵ تەنیا 150 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا پێشتر ئەو بڕە دەگەیشتە 350 ملیار دینار. سەرەڕای ئەوە، وەزارەتی دارایی دەڵێت ئێستا داهاتی نانەوتی تاوەکو رادەیەک باشتر بووە بەراورد بە چەند مانگی رابردوو.
پێشبینی دەکرێت رۆژی 15-10-2027، پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی 2027ـی عێراق رادەستی پەرلەمان بکرێت.



