رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن زیاتر بەرزبووەوە و یەک دۆلار بە 207 هەزار و 200 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، نرخی دۆلار لە بەرزترین ئاستیدا گەیشتووەتە 208 هەزار و 400 تمەن و نزمترین ئاستیشی 206 هەزار و 900 تمەن بووە.
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا بەراورد بە هەفتەی رابردوو بە رێژەی 1.97% بەرزبووەتەوە. هەروەها لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، دۆلار بەرامبەر تمەن بە رێژەیەکی بەرچاو و بە رێژەی 24.52% بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن لە کاتێکدایە، شەوی یەکشەممە، هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی هاوێشتنی مووشەکیان لە دوورگەی لارکی ئێران لە تەنگەی هورمز کردە ئامانج، ئەمە یەکەم هێرشی راگەیەندراوی ئەمریکایە بۆ ناوخۆی ئێران لەدوای کۆتایی تەممووزی رابردووەوە. لە بەرامبەردا، میدیاکانی ئێران لەسەر زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویانکردەوە، تاران هێرشی کردووەتە سەر دوو بنکەی ئاسمانیی ئەمریکا لە ئوردن.



