رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی هاوپەیمانیی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان لەبارەی پێشنیازەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆرى نەوتی بەسرە- حەدیسە، کەرکووک - بانیاس کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە یەکشەممە 30ی ئابی 2026، لەنێوان نەسیر عەزیز، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و نوێنەری هاوپەیمانیی کۆمپانیا وەبەرهێنەرە جیهانییەکان کرا، کە کۆمپانیاکانی شیفرۆن، ئای تی کاپیتال و یو سی سی بوون.
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی وەزارەتی نەوت، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە وردەکاریی تەکنیکی و ئابووریی پڕۆژەکە و پێویستییەکانی لە قۆناخی جێبەجێکردندا کراوە، هەروەها پێشنیاز و تێڕوانینی کۆمپانیاکان لەبارەی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە وەرگیراوە، بۆ ئەوەی نەخشەڕێگەیەکی روون دابڕێژرێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەسەر بنەمایەکی تەکنیکی و ئابووریی گونجاو.
پڕۆژەکە راکێشانی بۆریی سەرەکیی نەوتی خاوە لە کێڵگەکانی نەوتی بەسرەوە بۆ شاری حەدیسەی ئەنبار و لەوێوە دەبەسترێتەوە بە کێڵگەکانى کەرکووک، پاشان دەچێت بۆ بەندەری بانیاسی سووریا.
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان رایگەیاندووە، ئەو پڕۆژەیە ستراتیژی و گرنگە، پرۆسەی هەناردەی نەوت ئاسانتر دەکات، دەروازەکانی هەناردەکردن زیاد دەکات و رۆڵ دەگێڕێت لە بەردەوامیی هەناردەی نەوتدا.
هەنگاونانی عێراق بۆ دۆزینەوەی رێگەی دیکەی هەناردەی نەوت بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی تەنگەى هورمز بوو، کە لە دوای دروستبوونی جەنگ لە 28ی شوباتی ئەم ساڵ، هاتووچۆی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لەو تەنگەیەوە کێشەی تێکەوت.


.jpg&w=3840&q=75)