رووداو دیجیتاڵ
لە پڕۆژەیاسایی بودجەی گشتیی 2027دا بڕی ئەو قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییانەی دیاریکراوە کە بکرێن زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە کە نیوەی قەرزی نوێیە و تەنیا دوو تریلیۆن دیناری ناوخۆییە، لە قەرزە دەرەکییەکەش 58 ملیۆن دۆلاری بۆ کەرتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
بە گوێرەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 بڕی ئەو قەرزانەی پێشنیاز دەکرێت لەو بودجەیەدا هەبێت 16.1 تریلیۆن دینارە.
8.4 تریلیۆن دیناری ئەو قەرزە نوێیە و ئەوەی دیکەی قەرزی بەردەوامە کە حکومەت لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەیکات.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەو قەرزەی کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 دیاریکراوە، دوو تریلیۆن دیناری قەرزی ناوخۆییە و ئەوەی دیکەی دەرەکییە".
بەگوێرەی پێشبینیی بانکی ناوەندیی عێراق، تاوەکو کۆتایی مانگی ئابی رابردوو قەرزی دەرەکیی عێراق 18.9 تریلیۆن دینار بووە، هەروەها قەرزی ناوخۆیی 117.2 تریلیۆن دینار بووە.
جەمال کۆچەر راگەیاند، ئەو بڕە قەرزەی کە لە پڕۆژەیاساکە دانراوە، خەمڵێنراوە و گۆڕانی قەرزەکە پەیوەندیدارە بە ئاستی هەناردەی نەوت و داهاتەوە.
قەبارەی پارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 بە 177.2 تریلیۆن دینار دیاریکراوە و 43 تریلیۆن دیناری کورتهێنانە کە بەشێکی بە قەرزەکان پڕ دەکرێتەوە.
زۆرترین قەرزی پێشنیازکراو بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە کە عێراق لە دەرەوە دەیکات، لە ئاژانسی هاریکاریی نێودەوڵەتیی ژاپۆنییە کە 626.6 ملیار دینارە، هەروەها لە چوارچێوەی قەرزی بەردەوامدا 897.6 ملیار دیناری دیکە لە هەمان ئاژانس قەرز دەکرێت.
بۆ ساڵی 2027 بڕی 360 ملیۆن دۆلار لە ئاژانسی هاریکاریی نێودەوڵەتیی ژاپۆن قەرز دەکرێت کە 58.2 ملیۆن دۆلاری بۆ کەرتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستانە، زۆرترین بڕی قەرزەکە بۆ وەزارەتی نەوتە کە 205 ملیۆن دۆلارە.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)