رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن.
پێنجشەممە 27ی ئابی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار و نوێنەری پارێزگاکانی دیوانییە و سەلاحەدین کۆبووەوە، بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027.
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە بەشدار بووە لە کۆبوونەوەکەدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ستراتیژی بودجەی گشتی کرا".
بۆ یەکەمجار لە عێراق، شێوازی بودجەی بەرنامە و ئەنجام پەیڕەو دەکرێ کە خەرجییەکان بەگوێرەی سێکتەر جیا دەکاتەوە، نەوەک وەزارەتەکان. هەر سێکتەرێک خەرجی بۆ تەرخان دەکرێ و وابەستەی ئەنجامەکانی دەکرێ، کە دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێ.
فالح ساری رایگەیاندووە، لیژنە و تیمەکان کار لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی دەکەن و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا رادەستی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێ.
ئەو شێوازە نوێیەی بودجە کە بڕیارە لە کۆتایی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ رەوانەی پەرلەمان بکرێ، وەک قۆناخی یەکەم لە دوو وەزارەت و دوو پارێزگای عێراق جێبەجێ دەکرێ.
ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی دارایی عێراق لە 26ی ئاب رایگەیاند، دەستی بە رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب کردووە.


