رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەم ساڵ 105 مۆڵەتی وەبەرهێنان بە گوژمەی نزیکەی یەک ملیار دۆلار دراوەتە کۆمپانیاکان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دوو ساڵە مۆڵەتپێدان بە پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان راگیراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-08-2026، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد، باسی لە بایەخی کردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی، ژێرخان، وزە و کارەبا کرد.
محەممەد شوکری رایگەیاند، نزیکەی 450 کۆمپانیا لە پێشانگەکەدا بەشدارن کە 80٪ـیان بیانین و گوتی: ''وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم هەنگاوە زۆر بەرز دەنرخێنین''.
پێشانگەکە لەکاتێکدا کراوەتەوە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێ، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێ: ''ئەمە دڵنیابوونە لەوەی کوردستان ناوچەیەکی ئەمن و گرنگە بۆ کۆکردنەوەی وەبەرهێنەران و پێکەوە کارکردنیان".
بەگوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، حکومەت هەموو ئاسانکارییەک پێشکێشی وەبەرهێنەران دەکات بۆ ئەوەی بتوانن لەوپەڕی ئاسوودەییدا کاربکەن.
محەممەد شوکری سەبارەت بە بەشداریکردنی ژمارەیەکی بەرچاوی کۆمپانیا بیانییەکان لە پێشانگەکەدا دەڵێت: ''ئەوە دەرخەری سەقامگیریی بەهێزی هەرێمی کوردستان و هەبوونی کەشێکی لەبارە بۆ وەبەرهێنان.''
یەکێک لە کەرتەکان کە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان تیشکی خستەسەر، ژێرخانی (کەرەستە) بیناسازی بوو و گوتی: ''بە ملیاران دۆلار وەبەرهێنانی تێدا کراوە، ئەمەش بووەتەهۆی ئەوەی بیانییەکان زیاتر سەرنج بخەنە سەر هەرێمی کوردستان و بەرهەمی نێوخۆییش زیاتر بێت.''
پێشانگەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری هەولێر دەستیپێکرد، بۆ چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و بە یەکێک لە گرنگترین پێشانگەکانی بازرگانی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێ کە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیاییەتی.
''ئەم ساڵ زیاتر لە 100 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە''
لە بەشێکی قسەکانیدا محەممەد شوکری ئاماژە بە پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان دەکات و دەڵێت: ''لە ساڵی 2026ـدا 105 مۆڵەتی نوێمان داوەتە وەبەرهێنەران کە نزیکە لە ژمارەی مۆڵەتپێدانی ساڵی 2025؛ بەگشتی پار بۆ کۆی ساڵەکە 220 پڕۆژەی وەبەرهێنانی نوێمان هەبوو''.
کۆی قەبارەی وەبەرهێنانی ئەو 105 پڕۆژەیە دەگاتە نزیکەی یەک ملیار دۆلار. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کاریگەری لەسەر قەبارەی وەبەرهێنان هەبووە، بۆیە ئەم ساڵ کۆمپانیا بیانییەکان بەراورد بە رابردوو، کەمتر وەبەرهێنانیان کردووە.
بەگوتەی محەممەد شوکری، مۆڵەتدان بە پڕۆژەکانی ئەم ساڵ، زیاتر لە چوار هەزار دەرفەتی کاری بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان رەخساندووە.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، پشکی سەرەکیی مۆڵەتپێدان بە پڕۆژەکان بەر کەرتی پیشەسازی دەکەوێ، دواتر بازرگانی، کشتوکاڵ، وەرزش، قوتابخانەی نوێ و نەخۆشخانە.
هەرچی پڕۆژەی نیشتەجێبوونە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێ، دوو ساڵە مۆڵەتپێدان بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون راگیراوە و ''ئەوەی کە هەیە پێشتر مۆڵەتیان پێدراوە و ئێستا کاریان تێدا دەکرێ. لە درێژەی ساڵی 2026ـیشدا هیچ مۆڵەتێکی نوێمان لەم کەرتەدا نابێ.''
محەممەد شوکری ئامارێکی گشتی لە قەبارەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو و گوتی: ''لە ساڵی 2006ـوە هەزار و 720 پڕۆژە کاریان تێدا دەکرێ کە قەبارەی وەبەرهێنانەکەیان دەگاتە زیاتر لە 80 ملیار دلار".
وەک سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێ، زۆرترین وەبەرهێنان لە کەرتی پیشەسازییدا کراوە و نزیکەی 45٪ـی کۆی قەبارەی وەبەرهێنانە، پاشان پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان لە پەلەی دووەمدا دێن.


