رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ بۆ کەمتر لە 3,700 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزی و نزمترین ئاستی خۆی لە دوای مانگی ئەیلوولی 2025ـەوە تۆمارکرد. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی بەهێزبوونی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەهۆی پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە.
کۆنووسی کۆبوونەوەی مانگی تشرینی یەکەمی لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا (FOMC) دەریخست کە نزیکەی هەموو داڕێژەرانی سیاسەتی نەختینەیی پشتیوانییان لە بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوود لە مانگەکانی داهاتوودا کردووە، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی رێژەی هەڵاوسان بۆ ئاستی دیاریکراوی 2%.
کریستۆفەر واڵەر، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگارانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، هۆشداریی دا لەوەی گوشارەکانی هەڵاوسان بەرەو ئاراستەیەکی هەڵە دەڕۆن و ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە لە مانگی کانوونی یەکەمدا بەرزکردنەوەیەکی گەورەتر بە بڕی 50 خاڵی بنەڕەتی لەبەرچاو بگیرێت.
بەپێی پێوەر و ئامرازی (فێدواچ)ـی سەر بە دامەزراوەی (CME)، ئێستا بازاڕەکان ئەگەری بەرزکردنەوەی رێژەی سوود بە بڕی 25 خاڵی بنەڕەتی لە مانگی داهاتوودا بە 90% دادەنێن، لە کاتێکدا ئەگەری بەرزکردنەوەی بە بڕی 50 خاڵی بنەڕەتی لە 10%دا جێگیرە. بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی بانکی دەبێتە هۆی ئەوەی زێڕ بۆ وەبەرهێنان سەرنجراکێش نەبێت.

.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)