رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ پێنجشەممە نرخی نەوت کەمێک بەرزبووەتەوە، ئەوەش دوای دابەزینەکانی چەند رۆژی رابردوو کە بەهۆی پێشبینییەکان بۆ خستنەڕووی نەوتی زیاتر لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵ روویدا.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمرۆ پێنجشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 17 سەنت، کە دەکاتە 0.18% بەرزبووەوە و بە 92.12 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا. بەپێچەوانەی نەوتی برێنت، نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 0.11%، کە دەکاتە 9 سەنت دابەزی و گەیشتە 83.17 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
لە مامەڵەکانی رۆژی پێشوودا، نەوتی برێنت 1.3% دابەزیبوو، هاوکات نەوتی خاوی تەکساسیش بە رێژەی 3.2% دابەزی و نزمترین ئاستی خۆی لە دوای 26ـی ئابەوە تۆمارکرد، ئەمەش دوای پێشبینییەکان بۆ هەبوونی نەوتی زیادە لە بازاڕدا، بەوپێیەی گواستنەوەی بارە نەوتەکان لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە بە نزیکەیی گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە.
نرخەکانی نەوت کەوتوونەتە ژێر گوشاری پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوود لە ئەمریکا، کە دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری و کەمبوونەوەی خێرای خواستی سەر نەوت.
کۆنووسی کۆبوونەوەی مانگی تشرینی یەکەمی بانکی ناوەندیی ئەمریکا (فیدراڵ رزێرف)، کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، پێشبینییەکانی وەبەرهێنەرانی بەهێزتر کرد کە رەنگە بانکەکە لە کۆبوونەوەی داهاتووی خۆیدا لە مانگی کانوونی یەکەم، رێژەی سوودی بانکی بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان بەرزبکاتەوە.
شرۆڤەکارانی کۆمپانیای راوێژکاریی (پی ڤی ئێم) لە راپۆرتێکدا رایانگەیاند، "دابەزینی نرخی نەوت هەندێک ئارامی بەوانە دەبەخشێت کە نیگەرانن لە بەردەوامیی گوشارەکانی هەڵاوسان، هەرچەندە چیدیکە پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە کە ئایا بانکی ناوەندی لە کانوونی یەکەمدا رێژەی سوود بەرزدەکاتەوە یاخود نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە بە چ رێژەیەک بەرزیدەکاتەوە".
زیادبوونی کۆگاکانی نەوتی ئەمریکا بە رێژەیەک کە لە پێشبینییەکان زیاتر بوو و رۆژی چوارشەممە راگەیێندرا، گوشاری زیاتری خستە سەر ئاسۆی بازاڕەکە.
بەڕێوەبەرایەتیی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA) رایگەیاند، لەو هەفتەیەی کە لە 13ـی تشرینی دووەم کۆتاییهات، کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەمریکا 3.4 ملیۆن بەرمیل زیادیان کردووە و گەیشتوونەتە 417.8 ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا شرۆڤەکاران لە راپرسییەکی رۆیتەرزدا پێشبینیی زیادبوونی تەنیا 58 هەزار بەرمیلیان دەکرد.
سەرەڕای ئەوەش، مەترسییەکان لەسەر خستنەڕووی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەردەوامن.
میدیاکانی ئێران رۆژی چوارشەممە بڵاویانکردەوە، هێزی دەریایی ئێران رایگەیاندووە سێ کەشتیی نەوتهەڵگر لە رۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز بەهۆی مینەوە لەکارکەوتوون.
هاوکات بازاڕەکان چاوەڕێی لووتکەی سێقۆڵیی نێوان سەرکردەکانی ئەمریکا، چین و رووسیان، بۆ ئەوەی ئاماژەیەک دەستبخەن لەسەر ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا-ئێران و هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، کە بازاڕەکانی نەوتی جیهانیان شێواندووە.


.jpg&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)