رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا رووی لە بەرزبوونەوەی زیاتر کرد. ئەمەش بەهۆی بەردەوامی ترس لە دابەزینی بەهای دراو، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران چاوەڕوانی گوتارە گرنگەکەی کیڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن لە رۆژی هەینی.
نرخی زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێژەی 0.8% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,630 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتووی ئەمریکا نرخی زێڕ بەڕێژەی 0.7% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,685 دۆلار.
کێلڤن وۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (OANDA) رایگەیاند، "ترس لە دابەزینی بەهای دۆلار و نیگەرانییەکان سەبارەت بە کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا، لەسەر ئاستی مامناوەند وەک پاڵپشتییەک بۆ نرخی زێڕ دەمێننەوە."
هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ زیاتر لە 5% بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بریاریدا کڕینی قەواڵە داراییە کۆنە درێژخایەنەکان زیاد بکات. ئەو بڕیارەش ترسی دابەزینی بەهای دۆلاری لای وەبەرهێنەران دروستکرد.
چاوەڕوان دەکرێت گوتارەکەی کیڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆڕبەندی ساڵانەی (جاکسۆن هۆڵ) لە ویلایەتی وایۆمینگ، بە وردی چاودێری بکرێت بۆ تێگەیشتن لە ئاراستەی داهاتووی بازاڕ.
وۆنگ ئاماژەی بەوەش کرد، "بازاڕ چاوەڕێی گوتارەکەیە بۆ ئەوەی ئاماژەی زیاتری دەستبکەوێت کە چۆن بانکی ناوەندی مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستای ئابووریدا دەکات. ئەگەر وارش ئاراستەیەکی روون بۆ سیاسەتی نەختینەیی داهاتوو دیاری نەکات، پێشبینییەکانی ئێستای بازاڕ بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوو وەک خۆیان دەمێننەوە."
بەگوێرەی ئامرازی (CME FedWatch)، بازاڕەکان بەڕێژەی 36.5% پێشبینی دەکەن لە مانگی ئەیلوولدا رێژەی سوودی بانکی بەرزبکرێتەوە، هەروەها ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی تاوەکو مانگی کانوونی یەکەم گەیشتووەتە 72.7%.
داتاکانی رۆژی چوارشەممە دەریانخست کە هەڵاوسانی ساڵانە لە ئەمریکا بۆ مانگی تەممووز بە جێگیری ماوەتەوە، ئەمەش بە پێچەوانەی پێشبینییەکان بوو. رێژەی هەڵاوسان بۆ 65ـەمین مانگی لەسەریەک لە سەروو ئاستی 2%ـی ئامانجەکەی بانکی ناوەندییە. جێگیربوونی هەڵاوسان و وەستانی دابەزینەکەی (کە پێشتر بەهۆی شەڕی ئێرانەوە گەیشتبووە لووتکە)، مشتومڕی نێو بانکی ناوەندی تووندتر دەکاتەوە لەسەر ئەوەی ئایا رێژەی سوودی بانکی بەرزبکرێتەوە یان بە جێگیری بهێڵدرێتەوە.
لەسەر ئاستی جیۆپۆلیتیکیش، بڕیارە سەرۆکوەزیرانی قەتەر سەردانی تاران بکات بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا و ئێران تۆمەتیان ئاراستەی یەکدی کرد سەبارەت بە بەڵێنەکەی واشنتن بۆ زیادکردنی گوشاری ئابووریی سەر تاران لە رێگەی سزادانی هاوبەشە بازرگانییەکانییەوە.



