رووداو دیجیتاڵ
نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن ئەمڕۆ دووشەممە لە بازاڕی تاراندا، 6,000 تمەن یان بەڕێژەی 3.8٪ بەرزبووەوە و یەک دۆلار لە بەرامبەر 200,500 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا نرخی دۆلار لە بەرزترین ئاستدا بە 201,300 تمەن و لە نزمترین ئاستیشیدا بە 194,500 تمەن مامەڵەی پێوە کراوە. بەراورد بە هەفتەی رابردوو، نرخی دۆلار نزیکەی 7.51٪ زیادی کردووە. لە ماوەی 6 مانگی رابردوویشدا، بەڕێژەی 21.37٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، زیادبوونی نیگەرانییەکانە سەبارەت بە تووندبوونەوەی گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران. واشنتن رایگەیاندووە وردەکاریی سزای نوێ دژی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە رادەگەیێندرێت و بەرپرسانی ئەمریکا باسیان لە جێبەجێکردنی تووندترین سزا کردووە.
هاوکات، تەنگەی هورمز هێشتا یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی ناکۆکیی نێوان هەردوولا و رەوتی گواستنەوەی نەوت لەم رێگەیەوە بە تووندی سنووردار کراوە.
سەرەڕای ئەوەش لە بەرامبەر ئەو کەشە پڕ مەترسییەدا، هەواڵی سەردانی عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان بۆ تاران لە رۆژی دووشەممەدا هەیە. ئێران رایگەیاندووە ئەم سەردانە لە بەردەوامیی هەوڵەکانی پاکستانە بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەم دواییەی نێوان عاسم مونیر و عەباس عێراقچی، پرسی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و رێگەکانی بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژئاوای ئاسیا خراوەتەڕوو؛ هەندێک لە راپۆرتەکانیش ئەم پەیوەندییە لە چوارچێوەی هەوڵێک بۆ زیندووکردنەوەی گفتوگۆ چەقبەستووەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هەڵدەسەنگێنن.
شارەزایانی ئابووری ئاستی 200 هەزار تمەن بە بەرگرییەکی گرنگ بۆ نرخی دۆلار دەزانن. بە بڕوای شارەزایانی بازاڕی دراو، ئەگەر نرخی دۆلار بتوانێت لە ئاستەکانی سەرووی 200 هەزار تمەن جێگیر بێ، ئەگەری هەیە خواستی زیاتر بۆ کڕینی دۆلار دروستبکات.
بەڵام، سەردانی عاسم مونیر و هەوڵە نێوەندگیرییەکانی پاکستان، دەکرێت ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵ سەبارەت بە بەردەوامیی رێڕەوە دیپلۆماسییەکان یان کەمبوونەوەی گرژییەکان. لە ئەگەری دروستبوونی سیگناڵێکی وەهادا، بەشێک لەو خواستەی لەسەر دۆلار هەیە کەم دەبێتەوە و ئەگەری هەیە نرخی دۆلار تاوەکو ئاستەکانی نزیک لە 195 هەزار تمەن دابەزێت.
ئەگەر هەواڵە سیاسییە ئەرێنییەکان لە چاوەڕوانیی بازاڕ بەهێزتر بن، ئاستەکانی 192 تا 194 هەزار تمەنیش دەکرێت بەدەست بێت.



