رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 163 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4,498 دۆلار، کە بەرزترین ئاستییەتی لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە.
لە بازاڕەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستانیش، نرخی مسقاڵێک زێڕ زیاتر لە 20 هەزار دینار بەرزبووەوە و نرخەکان بەم شێوەیەن:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 9 بە 412 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 12 بە 550 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 14 بە 642 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 826 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 964 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە ملیۆنێک و دە هەزار دینارە.
بەراورد بە بەیانیی ئەمڕۆ، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە بڕی 25 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
ئەم بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە هات کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بڕی کڕینەوەی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی وڵاتەکەی لە چارەکی دارایی داهاتوودا دوو هێندە دەکات. ئەمەش نرخی قەواڵەکانی ئەو وڵاتەی دابەزاند و نرخی زێڕی بەرزکردەوە.
دابەزینی نرخی قەواڵەکان و دۆلار لە کاتی ئاساییدا نرخی زێڕ بەرزدەکاتەوە، بەتایبەتیش کە زێڕ بە پێچەوانەی قەواڵەکان سوودی لەسەر نییە.
جگە لەوەش، زیادبوونی بڕی دۆلار لە بازاڕەکاندا بەهۆی ئەم رێکارانەوە، یارمەتیدەر بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
هاوکات، بڕیارە ئێوارەی سبەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆنووسی کۆبوونەوەی رابردووی خۆی بڵاوبکاتەوە، کە تێیدا بڕیار درابوو رێژەی سوود جێگیر بهێڵدرێتەوە، هەرچەندە سێ ئەندامی لیژنەی بازاڕە کراوەکان دژی ئەو بڕیارە بوون.



.jpg&w=3840&q=75)