رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سەندیکای نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی عێراق دەڵێت، دابەزینی بەهای دینار پەیوەندیی بە دۆخی ناوچەکەوە هەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، مانگانە 500 ملیۆن دۆلار لە ئەمریکاوە دەگاتە بانکی ناوەندیی عێراق.
رۆژی چوارشەممە 19ی ئابی 2026 زیا تائی، سەرۆکی سەندیکای نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و نێوەندگیری دارایی لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار تەنیا پەیوەندیی بە هەواڵەکانی رۆژ و دۆخی ناوچەکەوە هەیە و هیچ هۆکارێکی دیکەی سەرەکی نییە.
نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەکانی بەغدا و هەولێر بە 154 هەزار و 200 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
زیا تائی گوتی، مانگانە 500 ملیۆن دۆلار لە خەزێنەی ئەمریکاوە دەگاتە بانکی ناوەندیی عێراق و، "ئەوەش پاڵپشتییەکی باشە ئابووری نێوخۆیی و حەواڵە دەرەکییەکان."
باسی لەوەش کرد، جموجۆڵی بازاڕ جۆرێک لە کزیی پێوە دیارە، "بەڵام هاتنی دۆلار بە بەردەوامی دەتوانێت بازاڕە نێوخۆییەکان ببوژێنێتەوە."
هاوکات حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت، "دەنگۆی لابردنی سفرەکانی سەر دراوی عێراقی و دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بەشێکن لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دینار."
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی دینار بەرز دەبێتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
