رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نووسراوێکی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران، ئەو بازرگانانەی گەنم هەناردە دەکەن لە گومرگ دەبەخشرێن.
نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 2054 و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنەکەی لەسەرە و رۆژی یەکشەممە 16-08-2026 دەرچووە.
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "کاری پێویست دەکرێت بە مەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکەن؛ لێخۆشبوونەکە بۆ یەک مانگ دەبێت".
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بازرگانەکان داوای لێخۆشبوونیان کردبوو، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێخۆشبوونی دەرکردووە بۆ ئەوەی پڕۆسەی هەناردەکردنی گەنم ئاسانتر بێت و جگە لە بازرگانان، جووتیارانیش بەهۆیەوە سوودمەند دەبن".
ئاکرەیی گوتی، جگە لە هەناردەکردنی گەنم، هەردوو کۆمپانیای قەیوان لە سلێمانی و خۆشناو لە هەولێر و دهۆک گەنمی جووتیاران وەکو کەرتی تایبەت وەردەگرنەوە و تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 230 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە.
ئەمساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە 292 هەزار تۆنی بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەک گەنمی نێو پلانی چاندن وەرگیرا، هەروەها زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان بوو، کە تۆنی بە 500 هەزار دینار کڕایەوە.



