رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی "هەژماری من" داوا لەو مووچەخۆرانە دەکات، کە ئەمڕۆ کاتی وەرگرتنی مووچەیانە، دوای کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆ بچن لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە مووچەکەیان وەربگرن.
تیمی هەژماری من لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 18ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ کەسێک سەردانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) نەکات تاوەکو ئەو کاتەی مووچەکەتان دادەبەزێت کە دەکاتە دوای کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆ".
پڕۆژەکە دەڵێت، دوای کاژێر 01:00 هەر کەس پارەی مووچەی مانگی حەوت چووبووە سەر هەژمارەکەی ئەوکات سەرانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە بکات.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 18ـی ئاب دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و 20ـی ئاب کۆتایی دێت.
بۆ ئەو مووچەخۆرانەی لە بانکەکانی پڕۆژەی "هەژماری من" مووچە وەردەگرن، دەتوانن لە ئەپلیکەیشنی بانکەکەیانەوە ئاگاداربن مووچە چووەتەسەر هەژمارەکەیان یان نا.
پڕۆژەی (هەژماری من) ئاماری نوێی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 922 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی زیاتر لە 710 ئامێری ATMـەوە مووچە وەردەگرن.



