رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی عێراق وردەکاریی نوێی لەبارەی جێبەجێکردنی سیستمی گومرگی (ئەسیکۆدا) و کاریگەرییەکانی لەسەر دەروازە سنوورییەکان بۆ رووداو ئاشکرا دەکات؛ هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، عێراق لەژێر باری قەرزێکی قورسی نێوخۆییدایە کە بڕەکەی 200 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە و بووەتە "بارگرانییەکی گەورە" لەسەر وڵات.
سەبارەت بە سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" و هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا، مستەفا عانی، وەزیری بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەک وەزارەتی بازرگانی بەشێکین لە هەندێک لە وردەکارییەکانی سیستمەکە. گفتوگۆکان لەسەر ئاستی لایەنە پسپۆڕەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بەردەوامن و چاوەڕوان دەکرێ لە چەند رۆژی داهاتوودا کارەکان زیاتر بەرەوپێش بچن."
وەزیری بازرگانیی عێراق جەختی لە گرنگیی سیستمەکە کردەوە و گوتی: "سیستمەکە رێگری دەکات لە یاریکردن بە نرخ و بڕی کاڵاکان، وێنەیەکی روونمان دەداتێ لەسەر قەبارەی هاوردە و باج و گومرگ."
سەبارەت جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی دیکەی عێراق و کاریگەرییەکەی لەسەر دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، مستەفا عانی ئاماژەی بەوە کرد: "ئیبراهیم خەلیل شادەمارێکی سەرەکییە لە بازرگانیی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. رەنگدانەوە و کاریگەرییەکانی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا کاریگەریی هەبووە لەسەر قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەو دەروازەیە، بەتایبەتی لەگەڵ تورکیادا."
بە گوتەی مستەفا عانی، تەواو جێبەجێنەکردنی سیستمەکە لەو دەروازەیە کاریگەری هەبووە و وایکردووە بەشێک لە بازرگانان بڕیار بدەن پەنا بۆ دەروازەی دیکە ببەن.
وەزیری بازرگانی پەردەی لەسەر قەبارەی قەرزی نێوخۆیی عێراق لادا و رایگەیاند: "قەرزی ناوخۆیی عێراق زۆرە و گەیشتووەتە زیاتر لە 200 تریلیۆن دینار."
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، وەزیری بازرگانی دڵنیایی دا و گوتی: "دوێنێ لەگەڵ وەزیری دارایی قسەم کردووە و بەڵێنی داوە لەم چەند رۆژەدا گوژمەیەک پارە خەرج بکات. دابەشکردنی شایستە داراییەکانی ساڵی 2025 بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دەبێت بۆ هەموو پارێزگاکان بەبێ جیاوازی."
وەزیری بازرگانیی عێراق باسی لە دۆخی ئێستای ئابووریی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "قەیرانی دارایی و ئەو دۆخەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، کاریگەریی راستەوخۆ و قورسی هەبووە لەسەر هەموو وردەکارییەکانی پڕۆسەی بازرگانی لە عێراق. ئەمە جگە لەوەی قەبارەی قەرزی ناوخۆیی زۆر زیادی کردووە و بارگرانییەکی گەورەی بۆ دەوڵەت دروست کردووە."
سەبارەت بەوەی حکومەت چی دەکات بۆ ئەوەی بازاڕ تووشی شۆک نەبێت، مستەفا عانی تیشکی خستە سەر هەنگاوی ئێستای حکومەتی عێراق، کە وەک ئەو دەڵێت، ئەوان ئێستا لە وەزارەتی بازرگانی و لیژنەی باڵای سیاسەتی هاوردەکردن، کار دەکەن بۆ "کردنەوەی هێڵی جێگرەوە بۆ گواستنەوەی کاڵا، تاوەکو دڵنیابین لەوەی زنجیرەی دابینکردنی کاڵاکان ناپچڕێ و بازاڕی نێوخۆ بە جێگیری دەمێنێتەوە."
ئەو وەزیرە جەختی لەوەش کردەوە کە پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت لەم کاتەدا تاکە رێگەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە و رایگەیاند: "حکومەت هەوڵ دەدات لە رێگەی چەند رێکارێکی ئابوورییەوە، ئەو بەهەدەردان و دزەکردنە داراییەی لە هەندێک دامەزراوەدا هەیە رایبگرێ، تاوەکو بتوانین پاڵپشتیی کەرتی تایبەت بکەین بۆ ئەوەی پڕۆسەی هاوردە و هەناردە بەردەوام بێت."
لەبارەی بازرگانیی لەگەڵ سووریا، وەزیری بازرگانی دەڵێت: "بازرگانی لەگەڵ سووریا بابەتێکی نوێیە، دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لەوێ روویاندا. هێشتا ژمارەی وردمان نییە، چونکە کاتی دەوێت تاوەکو داتا فەرمییەکان دەردەکەون، بەڵام جووڵەیەکی بازرگانی چالاک هەیە؛" باس لەوەش دەکات کە سووریا پێویستی زۆری بە کاڵاکانە بۆ ئاوەدانکردنەوە، "بۆ نموونە هەناردەکردنی چیمەنتۆ لە عێراقەوە بۆ سووریا لە پلەیەکی زۆر بەرزدایە، جگە لە بەرهەمە نەوتییەکان."
سەبارەت بەو رێگرییانەی کە بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق رووبەڕوویان دەبێتەوە، مستەفا عانی گوتی، "دەرگامان واڵایە و بە بەردەوامی لە پەیوەندیداین لەگەڵ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا. ئەرکی ئێمە مۆڵەتی هاوردە و هەناردەیە کە ئێستا هەموویمان کردووە بە ئەلیکترۆنی بۆئەوەی بازرگان بەڵگەی فەرمی پێ بێت و تووشی کێشە نەبێت."
دڵنیاییشی دا کە ئەو بازرگانانەی تووشی ئەو رێگرییانە دەبن سکاڵا بگەیێنە وەزارەتەکەیان، ئەوان بەدواداچوونی تەواوی بۆ دەکەن و کێشەکەیان چارەسەر دەکەن.



