رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت و زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا رۆژی چوارشەممە 12-08-2026، روویان لە بەرزبوونەوە کرد. بەهۆی تووندبوونەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چاوەڕوانی بۆ بڵاوبوونەوەی ئامارە گرنگەکانی هەڵاوسانی ئەمریکا، بازاڕ تووشی جۆرێک لە دڵەڕاوکێ بووە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ سەروو 89 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە و نەوتی خاوی ئەمریکییش گەیشتە نزیکەی 84 دۆلار؛ ئەمە شەشەمین جارە یەک لەدوای یەک بازاڕەکانی نەوت تێیدا گەشە دەکەن. ئەم هەڵکشانە لە کاتێکدایە، وەبەرهێنەران چاودێریی پەیامە دژبەیەکەکانی پەیوەست بە رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران دەکەن.
وەزیری بەرگریی پاکستان رایگەیاندووە، واشنتن و تاران "لە جۆرە رێککەوتنێک" سەبارەت بە تەنگەی هورمز نزیکبوونەتەوە. هاوکات راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، گفتوگۆکانی نێوان ئێران و عومان گەیشتوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڵوێستێکی تووندی وەرگرتووە و دەڵێت، دەبێت تاران قەرەبووی ئەو کەسانە بداتەوە کە لە هێرشەکاندا کوژراون؛ ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ داواکارییەکانی ئێران بۆ وەرگرتنی قەرەبووی جەنگ لە ئەمریکا و ئیسرائیل.
لە لایەکی دیکەوە، داتاکانی کەرتی پیشەسازی نیشانی دەدەن، یەدەگی نەوتی خاوی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا 9.1 ملیۆن بەرمیل زیادی کردووە، ئەمە گەورەترین زیادبوونە لەدوای مانگی شوباتەوە.
زێڕ و پاشەکەوتی بانکە ناوەندییەکان
نرخی زێڕ رۆژی چوارشەممە بەرەو 4,400 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە و ئەو زیانانەی قەرەبوو کردەوە کە لە دوو رۆژی رابردوودا بەریکەوتبوو. وەبەرهێنەران چاوەڕێی ئامارەکانی هەڵاوسانی ئەمریکان، تاوەکو ئاراستەی سیاسەتی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا روون ببێتەوە.
بازاڕەکان دابەشبوون لەسەر ئەوەی ئایا بانکی ناوەندی لە مانگی ئەیلوولدا سوودی بانکی بە رێژەی 0.25% بەرز دەکاتەوە یان نا. لەم نێوەندەدا، زێڕ پاڵپشتییەکی زۆر لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە وەردەگرێت، بەتایبەتی چینییەکان. بانکی ناوەندیی چین لە مانگی تەممووزدا نزیکەی 20 تۆن زێڕی بۆ یەدەگەکانی زیاد کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانیشدا 15 تۆنی کڕیبوو؛ ئەمەش گەورەترین هەڵکشانی مانگانەی کڕینی زێڕە لەو وڵاتەدا لە تشرینی یەکەمی 2023وە.
چاوەکان لەسەر راپۆرتی هەڵاوسانە
کایڵ رۆدا، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای کاپیتاڵ دەڵێت، "بازاڕ تاوەکو رادەیەک ساردە، چونکە مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان بەردەوامن و هەمووان چاوەڕێی داتاکانی نرخەکانی بەکاربەر (هەڵاوسان) دەکەن." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، نەبوونی پێشکەوتنی بەرچاو لە دانوستاندنەکان و پێداگریی ئێران لەسەر بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز وایکردووە، مەترسیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت هەر بمێنێت.
پێشبینی دەکرێت نرخەکانی بەکاربەر لە مانگی تەممووزدا بە رێژەی 0.1% بەرزببنەوە، دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیراندا 0.4% دابەزیبوون. پسپۆڕان پێیان وایە، ئەگەر رێژەی هەڵاوسان سفر بێت، بازاڕی قەواڵە داراییەکان گەشەیەکی باش دەکات، چونکە گوشارەکان بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی کەمدەبنەوە.
تەنگژەی دارایی لە ژاپۆن
هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانە، بازاڕەکان پێشبینی بەرزکردنەوەی پێشوەختەی سوودی بانکی لە ژاپۆن دەکەن، ئەمەش گوشاری خستووەتە سەر قەواڵە داراییەکانی ئەو وڵاتە. سوودی قەواڵە 5 ساڵییەکانی حکومەتی ژاپۆن بۆ 2.1% بەرزبووەوە کە ئاستێکی پێوانەیییە، هەروەها سوودی قەواڵە 2 ساڵییەکان گەیشتە 1.63%، کە بەرزترین ئاستە لە ماوەی 31 ساڵی رابردوودا.



