رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا روونکردنەوە لەبارەی ئەو قسانە دەدات کە باس لە گەیشتنی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بە 4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دەکەن و رایدەگەیێنێت، ئەو بڕە تەنیا بۆ یەک رۆژ بوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەمڕۆ 21ی ئەیلوولی 2026ی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەو بڕە نەوتەی لە یەک رۆژدا هەناردە کراوە، لە ئەنجامی ئەوە بووە کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕێک نەوتی خاوی لە دەرەوەی تەنگەی هورمزەوە هەناردە کردووە.
وەزارەتەکە دەڵێ: "کەشتییەکە نەوتی خاوی گەیارەی بارکردبوو، ئەمەش جگە لەو بڕەی دیکە کە بۆ فرۆشتن و هەناردەکردن لە بەندەرەکانی باشوور و دەروازەی باکوورەوە ئامادە کرابوو."
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش داوە، تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی ئەیلوولدا تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم روونکردنەوەیە، نزیکەی 2 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا؛ باس لەوەش دەکات، "ئەم بڕە ئەگەری گۆڕانکاریی هەیە بەپێی ئەو بڕەی پێشبینی دەکرێ لە رۆژانی داهاتووی ئەم مانگەدا بە کردەیی هەناردە بکرێ."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی نەوت ئەو بڕە هەناردەیە بە "دەستکەوتێکی گەورە" بۆ وەزارەتەکەیان لە قەڵەم دەدات، بەتایبەتی لە سایەی دۆخی ئێستا و بەردەوامیی داخستنی تەنگەی هورمز.
رۆژی یەکشەممە 20ی ئەیلوولی 2026، پەرلەمانی عێراق لەبارەی قەیرانی سووتەمەنی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی نەوت لە عێراق میوانداری باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوت و عەلی نزار، بەرێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی وەزارەتەکە کرد.



