رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رێژەی بێکاری لەنێو گەنجانی جیهاندا زیادیکردووە. بەپێی راپۆرتەکە، زۆرترین رێژەی زیادبوون لە وڵاتانی خاوەن داهاتی بەرزدا تۆمارکراوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی گۆڕانکارییە گەورەکانی بازاڕی کار بەهۆی کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکردەوە.
رۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2026، ئاژانسی کاری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بووژانەوە کاتی و کورتخایەنەی لە بازاڕەکانی کاری گەنجاندا دوای پەتای کۆڤید-19 دروست ببوو، ئێستا پەکیکەوتووە و وەستاوە.
ئامارە مەترسیدارەکان و وەستانی بووژانەوە
رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە راپۆرتی "رەوتە جیهانییەکانی دامەزراندنی گەنجان 2026"دا رایگەیاند، پار رێژەی بێکاری لەنێو گەنجانی جیهاندا گەیشتە 12.4٪ لە کاتێکدا پێرار 12.3٪ بوو. ئەم رێژەیە یەکسانە بە 67 ملیۆن کەسی بێکار کە تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 24 ساڵیدایە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، رێژەی ئەو گەنجانەی کە نە لە ناو کاردان، نە لە خوێندن و نە لە چوارچێوەی هیچ مەشقێکی پیشەییدان کەمێک زیادی کردووە و گەیشتووەتە 20٪، کە کاریگەریی لەسەر زیاتر لە 257 ملیۆن کەس دروست کردووە. ئەم راپۆرتە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2004 بڵاوکرایەوە، ساڵانە تیشک دەخاتە سەر نیشاندەرانی بازاڕی کار بۆ گەنجان لە ئاستی جیهان و ناوچەکاندا.
هۆکارە بنەڕەتییەکانی بێکاری
راپۆرتەکە دەریخستووە کە گەورەترین زیادبوونی رێژەی بێکاری لە وڵاتانی دەوڵەمەنددا بووە، ئەمەش "بووەتە هۆی نائومێدکردنی ملیۆنان گەنج لە سەرەتای ژیانی پیشەییاندا".
راپۆرتەکە دەڵێت: "سستبوونی گەشەی ئابووریی جیهانی، کەمبوونەوەی دەرفەتی کار، گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و گۆڕانی خێرای تەکنەلۆژیا پێکەوە وایانکردووە کە گواستنەوە لە قۆناخی قوتابخانەوە بۆ کاری شایستە بۆ زۆرێک لە گەنجان ببێتە کارێکی ئەستەم."
سارا ئێڵدەر، سەرۆکی یەکەی شیکاریی دامەزراندن و سیاسەتی ئابووری لە رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی رایگەیاند: "لەو ساڵانەی کە رێژە جیاوازەکانی بێکاری پێکەوە زیاد دەکەن، ئێمە ئاڵای سوور (ئاماژەی مەترسی) بەرز دەکەینەوە"؛ پێشبینی دەکرێت رێژەی بێکاری گەنجان لە ساڵانی 2026 و 2027 لە دەوروبەری 12.3٪ جێگیر بێت.
ژیریی دەستکرد و دڵەڕاوکێی داهاتوو
بەپێی راپۆرتەکە، ئاستی دڵەڕاوکێ لەنێوان گەنجاندا زۆر بەرزە، چونکە زانیارییەکان دەربارەی کاریگەریی ژیریی دەستکرد لەسەر بازاڕی کار هێشتا روون نین. ترسی گەنجان "زیادیکردووە پێیانوایە تەکنەلۆژیا جێگەی کارەکانیان بگرێتەوە و دەرفەتی جێگیریی کار و داهاتیان بەهۆی گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییە بێپێشینەکانەوە پەکبکەوێت."
سوکتی داسگوپتا، بەڕێوەبەری بەشی کارامەیی و دامەزراوە بەردەوامەکان لە رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی گوتی، هێشتا زووە بە رەهایی باس لەوە بکرێت کە ژیریی دەستکرد هۆکاری سەرەکیی بێکارییە و داوای توێژینەوەی زیاتری کرد. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئابووریی جیهان لە قۆناخی "ناڕۆشنی و ناسەقامگیرییەکی گەورەدایە" و مەترسییە نوێیەکانی پەیوەست بە ژیریی دەستکرد بۆ گەنجان دڵخۆشکەر نین.
راپۆرتەکە دەڵێت، ئەو کارانەی کە بە شێوەیەکی نەریتی وەک دەروازەی چوونە ناو بازاڕی کار بۆ گەنجان دادەنران، وەک کارە کارگێڕییەکان، پۆستەکانی فرۆشتن و کارەکانی کەرتی پیشەسازی، خەریکە کەمدەبنەوە.
گیلبێرت هونگبۆ، سەرۆکی ریکخراوی کاری نێودەوڵەتی رایگەیاند: "نەوەیەک کە نەتوانێت کاری شایستە بدۆزێتەوە، ناتوانێت بە متمانەوە داهاتووی خۆی بونیاد بنێت. دابینکردنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان تەنیا ئەرکێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو یەکێکە لە ژیرانەترین وەبەرهێنانەکان کە وڵاتێک بتوانێت ئەنجامی بدات."
رەوتە ناوچەییەکان و جیاوازییەکان
لە ئاستی ناوچەییدا، گەورەترین زیادبوونی بێکاریی گەنجان لە باکووری ئەفریقا، باکووری ئەمریکا و باکوور، باشوور و رۆژئاوای ئەورووپادا بینراوە. لە ناوەڕاست و رۆژئاوای ئاسیا و هەروەها لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا، دابەزینی رێژەی بێکاری بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی ئەوانەی نە دەخوێنن و نە کار دەکەن هاوسەنگ بووەتەوە.
لە ئەمریکای لاتین و ناوچەی کارایبی هەردوو رێژەکە کەمی کردووە، بەڵام ئەمە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی گەنج لەو ناوچانەدا.
راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و باکووری ئەفریقا "بەردەوام ئەو ناوچانەن کە بەرزترین رێژەی بێکاریی گەنجانیان لە جیهاندا هەیە"، کە رێژەکە بۆ وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی گەیشتووەتە 26.2٪ و لە باکووری ئەفریقاش گەیشتووەتە 22.6٪. بەرزبوونەوەی ئەم نیشاندەرانە ئاماژەیە بۆ قووڵبوونەوەی بەربەستە پێکهاتەییەکان کە گەنجانی لێهاتوو، بەتایبەتی ژنانی گەنج بەرەو پەراوێزی کۆمەڵگە پاڵ دەنێن.



