رووداو دیجیتاڵ
\
وێستگەیەکی هەناردەی نەوت لە ئەنبار کاراکرایەوە، کە 23 ساڵە لەکار کەوتووە؛ دەتوانرێت رۆژانە 50 هەزار بەرمیل لە رێگەی ئەو وێستگەیەوە هەناردە بکرێت.
محەممەد خەلەف، قایمقامی قائیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، وێستگەی تی وەن بۆ هەناردەی نەوت کارا کراوەتەوە و ئامادەیە بۆ هەناردەی نەوت، کە لە ساڵی 2003ـەوە لەکار کەوتبوو.
ئەو وێستگەیە لە شارۆچکەی حەدیسەی ئەنبارەوە بۆریی نەوتی بۆ راکێشراوە و دەکەوێتە سنووری ناحیەی عوبێدی لە قەزای قایمی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار.
قایمقامی قائیم رایگەیاند، ئەو وێستگەیە لە توانایدایە رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات لە رێگەی گواستنەوەی بە تانکەر بۆ سووریا.
رۆژی 31ی ئاداری ئەم ساڵ بۆ یەکەمجار عێراق هەناردەی نەوتی رەشی لە رێگەی تانکەرەوە بۆ سووریا دەستپێکرد و نەوتەکە لە رێگەی دەروازەی وەلیدەوە هەناردە دەکرێت، ئێستا رۆژانە هەزار تەنکەر لەو وزەیە دەگوازێتەوە بۆ بەندەری بانیاسی سووریا.
بە گوتەی قایمقامی قایم، خستنەگەڕی ئەو وێستگەیە بۆ هەناردەى نەوت پێویستی بە رێکار و بڕیاری وەزارەتی نەوتی عێراقە.




