رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024ی کەمکردووەتەوە بۆ کۆتایی ئەیلوولی ئەم ساڵ. بازرگانانی ئۆتۆمبێل دەڵێن، بەهۆی جەنگەوە ئۆتۆمبێلی زۆر لە دەرەوە گیریان خواردووە، بۆیە داوا دەکەن ماوەی هاوردەکردنەکە درێژ بکرێتەوە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە لە 17ی کانوونی یەکەمی 2025 دەرچووە و واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، ماوەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 لە 1ی تشرینی دووەمی 2026 بۆ 1ی ئەیلوولی 2026 کەمکراوەتەوە.
هەزاران ئۆتۆمبێل لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان ماونەتەوە
رێبوار محەممەد، بازرگانی ئۆتۆمبێل بە رووداوی راگەیاند، "لە گومرگەکانی هەرێمی کوردستان پێیان گوتوون کە مانگی ئەیلوولی 2026 دوا مۆڵەتە بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024."
ئەو بازرگانە گوتیشی، 50 ئۆتۆمبێلی لە ئەمریکاوە کڕیوە، بەڵام بەهۆی کێشەکانی تەنگەی هورمز، گەیاندنی ئۆتۆمبێلەکان بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ مانگ دەخایەنێت.
رێبوار محەممەد دەڵێت، ئەگەر بڕیارەکە هەڵنەوەشێندرێتەوە و ماوەی هاوردەکردن وەک ساڵانی رابردوو درێژ نەکرێتەوە، بازرگانان زیانی دارایی زۆر دەبینن.
گومرگ: بڕیارەکە وەزارەتی ناوخۆ داویەتی
جەوهەر مەحموود، جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، بڕیاری کەمکردنەوەی ماوەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە دەرچووە.
بەپێی ئەو بڕیارە، ماوەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 لە مانگی تشرینی دووەمەوە بۆ مانگی ئەیلوولی 2026 کەمکراوەتەوە.
تەنگەی هورمز تێچووی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بەرز کردووەتەوە
جەواد مەحموود، نوێنەری زیاتر لە 200 بازرگانی ئۆتۆمبێل، بە رووداوی راگەیاند، جەنگی ئەمریکا و ئێران و کێشەکانی تەنگەی هورمز بەربەستی زۆریان بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دروست کردووە. ئەو گوتیشی، جگە لە دواکەوتنی گەیاندنی ئۆتۆمبێلەکان، تێچووی هاوردەکردنیش بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
بەپێی گوتەکانی، پێش ئەو کێشانە تێچووی هاوردەکردنی هەر ئۆتۆمبێلێکی بەنزین و گاز نزیکەی 1200 دۆلار بووە، بەڵام ئێستا بۆ 2100 دۆلار بەرزبووەتەوە.
هەروەها تێچووی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە پێشتر نزیکەی 1,500 دۆلار بووە، ئێستا بۆ نێوان 3,500 تاوەکو 5,000 دۆلار بەرزبووەتەوە.
جەواد مەحموود دەڵێت، بەهۆی کەمکردنەوەی ماوەی هاوردەکردنی مۆدێلی 2024، زیاتر لە 3 هەزار ئۆتۆمبێل لە سنوورەکانی هیندستان، سعودیە، سریلانکا و دوبەی ماونەتەوە و دەیان بازرگان رووبەڕووی زیانی دارایی زۆر دەبنەوە.



