رووداو دیجیتاڵ نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و ئەمڕۆ هەینی نرخی مسقاڵێک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 928 هەزار دینارە. رۆژی هەینی، 7ـی ئابی 2026، هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، نرخی ئەمڕۆی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە بازاڕەکاندا 928 هەزار دینارە. سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر دەڵێت، "ئەگەر شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا روونەدات، پێشبینیدەکەین نرخی زێڕ بگاتەوە ملیۆنێک دینار بۆ هەر مسقاڵێک." نرخی نێودەوڵەتیی ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ هەینی، 4 هەزار و 340 دۆلارە، لەکاتێکدا کە دوێنێ پێنجشەممە بە نزیکەی 4 هەزار و 266 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. لە 28ـی شوبات و لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، نرخی زێڕ تاوەکو ئێستا بە رێژەی 19٪ دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی ترسی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان کە وا لە بانکەکان دەکات رێژەی سوود بەرزبکەنەوە.