رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی هەینی هەردوو کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمریکی، ئێکزۆن مۆبیل و شیڤرۆن، ئاماری قازانجەکانی وەرزی دووەمی ئەمساڵ رابگەیێنن؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بەکاربەران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاشی نیگەران کردووە.
ئامارە چاوەڕوانکراوەکانی رۆژی هەینی دوای ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەکانی کۆمپانیا ئەورووپییەکان دێن؛ کۆمپانیای شێڵ قازانجەکانی سێ هێندە بووە و گەیشتووەتە 10.8 ملیار دۆلار، کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیزیش قازانجەکانی دووقات بووە و گەیشتووەتە 5.4 ملیار دۆلار.
ئەم هەڵکشانە زەبەلاحانە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو و غازی سرووشتییە لە ئەنجامی داخستنی تەنگەی هورمز، کە رۆژانە پێنجیەکی نەوت و چوارێەکی غازی شلی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
• ئێکزۆن مۆبیل: پێشبینی دەکرێت 14.9 ملیار دۆلار قازانجی هەبێت، کە زیاتر لە دوو هێندەی پارە
• شیڤرۆن: پێشبینی دەکرێت 11.1 ملیار دۆلار قازانج رابگەیێنێت، کە چوار هێندەی ساڵی 2025ـە.
ئەم قازانجە زۆرانە رەنگدانەوەی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانە بۆ سەر داهاتی کۆمپانیاکان، کە بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە جیهانی رووبەڕووی شۆکێکی بێوێنەی دابینکردنی وزە کردووەتەوە. بەڵام هەڵکشانی قازانجی ئەم کۆمپانیایانە هەمیشە کاردانەوەی سیاسیی تووندی لە واشنتن بەدوای خۆیدا هێناوە.
تەنانەت دۆناڵد ترەمپیش، کە پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی سووتەمەنییە بەردینییەکانە، رەخنەی توندی لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین گرتووە و لە مانگی حوزەیراندا فەرمانی بە وەزارەتی داد کرد لێکۆڵینەوە لە هەر جۆرە "قۆرخکارییەک" بکەن کە لەلایەن ئەم پیشەسازییەوە ئەنجام بدرێت.
ترەمپ لە 24ـی حوزەیراندا لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیبووی: "پێویستە نرخی بەنزین زۆر خێراتر لەوەی دەیبینم دابەزێت."
گرانیی بەنزین و مەترسییەکانی هەڵبژاردن
ئێستا نرخی هەر گالۆنێک بەنزین لە ئەمریکا جارێکی دیکە ئاستی 4 دۆلاری تێپەڕاندووە. بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی، رۆژی پێنجشەممە نرخەکان گەیشتنە 4.10 دۆلار بۆ هەر گالۆنێک، کە ئەمەش 31٪ لە سەرووی نرخەکانی ساڵی رابردووەوەیە.
هاوکات، راپرسییەکان نیشانی دەدەن کە پێگەی ترەمپ بەرەو هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم لاواز بووە؛ بەپێی راپرسییەکی نوێی کەناڵی (سی ئێن ئێن)، نزیکەی دوو لەسەر سێی دەنگدەران پێیان وایە سیاسەتەکانی ترەمپ بارودۆخی ئابووریی وڵاتیان خراپتر کردووە.
رەخنەی رێکخراوە ژینگەیییەکان
رێکخراوە ناحکومییەکانی وەک ئۆکسفام بە تووندی رەخنە لە بەردەوامیی وەبەرهێنان لە سووتەمەنییە بەردینییەکان دەگرن، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە کارەساتەکانی وەک ئاگرکەوتنەوە و لافاو جیهانیان گرتووەتەوە.
ماریانا پاوڵی، بەرپرسی سیاسەتەکانی کەشوهەوا لە ئۆکسفام دەڵێت: "بە راستی نادادپەروەرانە یە کە لە کاتێکدا خەڵک دەناڵێنن، ئەم کۆمپانیایانە قازانجی خەیاڵی بکەن."
لە بەرامبەردا، دارێن وودز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێکزۆن مۆبیل و مایک ویرس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری شیڤرۆن، بەرگری لە کارەکانیان دەکەن و ئاماژە بە زیادکردنی هەڵکۆڵینی بیرە نەوتەکان لە ناوخۆی ئەمریکا دەکەن وەک بەڵگەیەک بۆ پابەندییان بە زیادکردنی خستنەڕووی وزە.
کێنس مێدلۆک، شارەزا لە پەیمانگەی بەیکەر لە زانکۆی رایس، دەڵێت: "کۆمپانیاکانی نەوت لە راستییدا ناتوانن کارێکی ئەوتۆ بکەن؛ خێراترین رێگە بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی، کۆتاییهاتنی قەیرانی ئێرانە." ئەو دەشڵێت زۆربەی خەڵک لەوە تێدەگەن کە هۆکاری سەرەکیی ئەم گرانییە جەنگ و ئاڵۆزییەکانە.



