رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای رووسیا دەڵێ، دوای واژۆکردنی گرێبەستەکان، گەیاندنی گازوایلی رووسیا بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا لە نێوان 15 بۆ 20 رۆژی پێدەچێت.
ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا بۆ کاروباری وزە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵێکی نێوخۆیی رایگەیاند، " ئێستا دانوستاندن لەسەر مەرجە بازرگانییەکان، واتە داڕشتنی کۆتا بڕگەکانی گرێبەستەکان بەردەوامە."
نۆڤاک گوتیشی، "دوای واژۆکردنی گرێبەستەکان، سووتەمەنییەکە لە ماوەی 15 بۆ 20 رۆژدا دەگاتە بازاڕەکان، کە لەم حاڵەتەدا بازاڕەکانی ئەمریکایە،" بێ ئەوەی کاتی دیاریکراوی واژۆکردنەکە ئاشکرا بکات.
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنێکی لەگەڵ مۆسکۆ راگەیاند و ناڕەزایەتیی ئۆکراینا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی لێکەوتەوە. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی بۆ بەکاربەرانی ئەمریکی پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنی نیوەخولی مانگی تشرینی دووەم.
پێشتر کیریل دیمیتریێڤ، راوێژکاری کۆشکی کرێملین بۆ کاروباری هاوکارییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو کە گرێبەستەکان لە ماوەی چەند رۆژێکدا واژۆ دەکرێن.
ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ئەمریکا لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، ترسی ئەوەی دروستکردووە پارتی کۆماری کە ترەمپ سەرکردایەتی دەکات، مانگی داهاتوو رووبەڕووی شکستێکی گەورەی هەڵبژاردن ببێتەوە.
لە هەمان کاتدا، زۆرێک لە پسپۆڕان پێیان وایە ئەم رێککەوتنەی گازوایل لەگەڵ مۆسکۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە بازاڕدا دروست ناکات، بەو پێیەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژانە 3.9 ملیۆن بەرمیل گازوایل بەکاردەهێنێت، لە کاتێکدا قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە لەگەڵ مۆسکۆ تەنیا 2.22 ملیۆن بەرمیل لەخۆدەگرێت، کە بڕێکە تەنانەت بەشی نیوەی بەکاربردنی یەک رۆژی ئەمریکاش ناکات.


