رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوونی هەڵگرتنی رەسمی گومرگ لەسەر ئۆتۆمبێلی میڵد هایبرید هەڵوەشاوەتەوە.
لە نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستاندا کە واژۆی کەمال رەئووف مارف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی لەسەرە تێیدا هاتووە: "پاڵپشت بە نووسراوی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 666، بڕیاردرا بە دەرهێنانی ئۆتۆمبێلی جۆر میڵد هایبرید (Mild Hybrid) لە لسیتی بەخشینی ئۆتۆمبێلەکانی هایبرید لە رەسمی گورمرگی".
لە نووسراوەکەدا مۆڵەتێک دراوەتە کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و ئاماژە بەوەکراوە، بڕیارەکە لە 20-08-2026ـەوە جێبەجێ دەکرێت.
بەرپرسێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی بڕیارەکە دەیگرێتەوە تەنیا ئەو جۆرەیە کە دیاری کراوە، ئەویش هۆکارەکە ئەوەیە، کە بە بەنزین کار دەکات و لە عێراقیش رەسمی گومرگیی لەسەرە".
ئەو بەرپرسەی گومرگ گوتی، جۆرەکانی دیکەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگییان وەکو خۆی دەمێنێتەوە و گومرگ ناکرێن.
سهرۆكایهتیی دیوانی ئهنجوومهنی وهزیرانی هەرێمی کوردستان به نووسراوی ژماره (12015) له 5ی ئەیلوولی 2024 داوای له وهزارهتی دارایی و ئابووریی ههرێمی كوردستان کرد، كار بکەن بۆ ههڵگرتنی رسوماتی گومرگی لهسهر هاوردهكردنی ئۆتۆمبێلی كارهبایی و دوای ئەوە وەزارەتی دارایی داواکەی خستە جێبەجێکردنەوە.
ئۆتۆمبێلی میڵد هایبرید لە رێگەی بزوێنەرێکی کارەباییەوە هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی بەنزین، بەڵام ناتواندرێت بەبێ بەنزین کاری پێ بکرێت.



