رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 400 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراقە. بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیارە هەر مانگە و بەشێکی پارەکە خەرج بکرێت.
ئەم ساڵ 12ـی حوزەیران دەرگەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کرانەوە و تاوەکو 18ـی تەمموز نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیان وەرگرت.
حکومەتی عێراق نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، کە دەکاتە نزیکەی 200 ملیار دینار، هەروەها نزیکەی 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان وەرگیراوە و تۆنی بە 500 هەزار دینار و بەهاکەی نزیکەی 54 ملیار دینارە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 30ـی تەمموز بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، جگە لە پارەی گەنمی ئەم ساڵ، زیاتر لە 141 ملیار دیناری پارەی گەنمی ساڵانی پێشووی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراق ماوە.
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "لای ئێمەوە هەموو ئامادەکارییەک کراوە، چەکیش ئامادەکراوە و چاوەڕوانی خەرجکردنی پارەین".
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "بەگوێرەی بڕیاری نوێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مانگانە بڕێک پارە بۆ گەنمی جووتیاران خەرج دەکرێت، لەگەڵ خەرجکردنیدا ئێمەش پارەکە بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکەین".
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.



