نرخی بەنزین لە شارەکانی هەرێمی کوردستان رۆژانە لە گۆڕانکاریدایە و زۆرینەی کات رووی لە بەرزبوونەوەیە.
ئەمڕۆ 28ـی تەمموز، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە سلێمانی لە 1150 دینارەوە بەرزکرایەوە بۆ 1200 دینارە. هەروەها موحەسەن بە 1550 دینارە و سووپەر بە 1700 دینار، بەراورد بە هەفتەی رابردوو لیتریان زیاتر لە 100 دینار بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ 28ـی تەمموزی 2026، بەهزاد عومەر، سەرپەرشتیاری زنجیرە بەنزینخانەکانی کوردنەفت لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووری کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین و دروستکردنی هاوسەنگی لە نرخدا بڕیاریانداوە قازانجی فرۆشتن کەمبکەنەوە.
کۆمپانیای کوردنەفت 13 بەنزینخانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەنزینی نۆرماڵ بە 1150دینار، موحەسەن 1450 دینار و سوپەر 1500 دینار دەفرۆشێت.
بەشێکی بەنزینی هەرێمی کوردستان لەو بڕە نەوتە بەرهەم دەهێنرێت کە حکومەتی عێراق بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان دیارییکردووە کە بڕەکەی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
هەرێمی کوردستان بڕەکە بە کەم دەزانێت، سەرپەرشتیاری زنجیرە بەنزینخانەکانی کوردنەفت گوتی، "پێویستە عێراق 126 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بداتە هەرێمی کوردستان".
هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، بە گوتەی بەهزاد عومەر لە وەرزی هاویندا پێویستیەکە زیاتر بەرز بووەتەوە و دۆخی ناوچەکەش گوشارەکانی زیاتر کردووە.


