رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن 2800 تمەن بەرزبووەوە و یەک دۆلار بە 193 هەزار و 550 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە 24 کاژێری رابردوودا، بەرزترین نرخی تۆمارکراوی دۆلار 193,900 تمەن و نزمترین نرخیش 190,650 تمەن بووە. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە نرخی دۆلار لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا بەڕێژەی 20.82% بەرامبەر تمەن بەرزبووەتەوە.
هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق، هاوکات بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن، ترسی لای بازرگانان دروستکردووە. ئەم دۆخە وایکردووە خواست لەسەر کڕینی دۆلار وەک پەناگەیەکی ئارام زیاد بکات.
هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نیگەرانییەکانی لەبارەی سەقامگیریی ئابووریی ناوچەکە قووڵتر کردووەتەوە.
شرۆڤەکارانی ئابووری لە ئێران پێیان وایە ئەگەر گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە بەردەوام بن یان هەواڵی نوێ لەبارەی فراوانبوونی پێکدادانەکان بڵاوببێتەوە، ئەگەری زۆرە نرخی دۆلار لە سەروو ئاستی 190 هەزار تمەن جێگیر بێت و بەرەو ئاستی بەرزتر بڕوات.
لە بەرامبەردا، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە کارا بکرێنەوە، پێشبینی دەکرێت ئەو خواستە زۆرەی بۆ کڕینی دۆلار دروستبووە کەم ببێتەوە و نرخەکەی بۆ ئاستی خوار 190 هەزار تمەن دابەزێت.



