رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی زێڕ کەمێک بەرزبووەوە، لەکاتێکدا بازاڕەکان هەڵسەنگاندن بۆ لێدوانەکانی کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵاوسان، دوای ئەوەی بانکەکە لە دوایین کۆبوونەوەیدا رێژەی سوودی بەبێ گۆڕانکاری هێشتەوە.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.3% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,076 دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە بە رێژەی 2% بەرزبووەوە. نرخی زێڕ لە گرێبەستە داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی ئاب، بە رێژەی 1% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,073 دۆلار.
رۆژی چوارشەممە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی وەک خۆی هێشتەوە، لەو کاتەشدا کێڤن وارش پابەندیی بانکەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان دووپاتکردەوە، بەڵام ئەم لێدوانانە بازاڕەکانی لە نادڵنیاییدا هێشتەوە سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی بانکەکە.
ئێدوارد مێر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای مارێکس (Marex) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پێموایە بازاڕەکان بە لێدوانەکانی وارش و شێوازی کارکردنی سەرسام بوون و تا رادەیەک بێ ئومێد بوون، چونکە وادیارە ئەو زۆر بە پەرۆش نییە بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی".
ئێدوارد مێر ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەم سستییەی بانکەکە لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی، پاڵپشتی دروستکردووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ."
ئەگەرچی زێڕ وەک پەناگەیەک بۆ پاراستنی سەرمایە لە هەڵاوسان دەبینرێت، بەڵام کاتێک رێژەی سوود بەرز بێت، ئەو تایبەتمەندییەی لەدەستدەدات. ئێستا وەبەرهێنەران چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی داتاکانی خەرجییەکانی بەکاربردنی تاکە کەسی (PCE) ی لە ئەمریکا دەکەن بۆ مانگی حوزەیران.
لە لایەکی دیکەوە و لە رووی جیۆپۆلەتیکییەوە، سوپای ئەمریکا رایگەیاند رۆژی پێنجشەممە هێرشی نوێیان کردووەتە سەر ئێران، ئەمەش بووەتە هۆی توندتربوونی ئەو جەنگەی پێنج مانگە بەردەوامە و ناوچەکە تێوەگلاوە. هاوکات نرخی نەوتیش بەشێک لە دەستکەوتەکانی لەدەستدا، چونکە کەشتییەکانی نەوت بەردەوامن لە تێپەڕین لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
شرۆڤەکارانی کۆمپانیای TD Securities لە تێبینییەکدا ئاماژەیان بەوە کردووە ئەگەری زۆر نییە زێڕ بتوانێت ئەم بەرزبوونەوەیەی ئێستای بۆ ماوەیەکی درێژ بپارێزێت و پێشبینی دەکەن نرخەکەی بۆ دەوروبەری 3,900 دۆلار دابەزێت، بەتایبەت کە پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت لە ماوەی هاویندا زیاتر بەرز ببێتەوە.



