رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت بەشێک لەو دەستکەوتانەی لەدەستدا کە لە ماوەی رابردوودا تۆماری کردبوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کەشتییەکانی نەوت بەردەوامن لە تێپەڕین لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەرەڕای پەرەسەندنی گرژییەکان و فراوانبوونی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە رێژەی 1.42% دابەزی و گەیشتە 89.45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 0.66% دابەزی و گەیشتە 83.90 دۆلار.
ئەم دابەزینە دوای ئەوە دێت، لە رۆژی پێشوودا نرخی برێنت بە رێژەی 7.91% و نەوتی تێکساس بە رێژەی 6.56% بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی، کە ئەوەش بە یەکێک لە بەرزترین بەرزبوونەوەکان لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران دادەنرێت.
بەگوێرەی داتا بەراییەکانی کەشتیوانی، رۆژی سێشەممە 39 کەشتیی بارهەڵگر بە تەنگەی بابولمەندەبدا بەرەو دەریای سوور تێپەڕیون، کە ئەوەش بەرزترین ژمارەیە لەدوای 19ی تەممووزەوە تۆمار کرابێت، لەکاتێکدا تەنیا چەند کەشتییەکی کەم بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای IG رایگەیاند، "ئەگەرچی قەبارەی گشتیی گواستنەوە کەمبووەتەوە، بەڵام نەوت بەردەوامە لە دەرچوون لە ناوچەکە لە رێگەی چەندین کەناڵی جیاوازەوە. هەرچی ئەم دۆخە درێژە بکێشێت، ئەم رێگە جێگرەوانە زیاتر کاریگەری و گوشارەکانی ئێران لەسەر تەنگەی هورمز کەمدەکەنەوە."
تەنگەی هورمز گرنگترین رێڕۆی دەریاییە بۆ گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا، کە پێشتر نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو. لەدوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگی شوباتەوە، ئەم رێڕەوە تاڕادەیەکی زۆر داخراوە، سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کردنەوەی.
بەرپرسێکی باڵای ئێران رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشنیازێکی عومانی بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی ناوچەیی تەنگەی هورمزی رەتکردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژی چوارشەممە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعودیە هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە عێراق کردە ئامانج. ئەمە یەکەم جارە سعودیە بە فەرمی و ئاشکرا بەشداریی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بکات، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە درۆنیانەی کە لە عێراقەوە کرابوونە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە.
هاوکات، ئێران رایگەیاند بنکەکانی ئەمریکای لە ئوردن بۆردوومان کردووە و سێ کەشتی نەوتیشی لە تەنگەی هورمز پێکاوە، بەو بیانووەی کە لە رێڕەوێکی "رێگەپێنەدراو" تێپەڕیون.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن سعودیە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک دەدات بۆ پاراستنی کەشتیوانی لە دەریای سوور لە هێرشەکانی حووسییەکان. حووسییەکانی یەمەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هەڕەشەی گەمارۆدانی دەریایی سعودیەیان کردووە و بەرەیەکی نوێی جەنگیان کردووەتەوە بۆ پەکخستنی جووڵەی بازرگانی لە تەنگەی بابولمەندەب، کە دووەم گرنگترین رێڕۆی گواستنەوەی نەوتە لە ناوچەکەدا.



