رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی چین پێشوازی لە بڕیارێکی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات، دوای ئەوەی بڕیاری دا رێکارەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سنووردارکردنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی چین و جۆرەکانی دیکەی ئۆتۆمبێلی چینی یاساکانی بازرگانیی جیهانی پێشێل دەکەن.
رێکخراوی بازرگانیی جیهانی، رۆژی سێشەممە بڕیارێکی دەرکرد، دوای ئەوەی چین سکاڵای دژی تورکیا تۆمارکردبوو. رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە بڕیارەکەیدا پشتگیری لە داواکارییەکانی چین کردووە و بڕیاری داوە رێکارەکانی تورکیا دژی یاساکانی رێکخراوەکەن.
لە ساڵی 2023ەوە تورکیا هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی لە چینەوە سنووردار کردووە و مەرجی جیاوازی بۆ ئەو هاوردەکردنە داناوە، وەک باجی گومرگیی زیادە و وەرگرتنی مۆڵەتی تایبەت.
بەپێی بەرپرسانی چین، رێکارەکانی تورکیا زیانێکی زۆریان بە بەرژەوەندییە بازرگانییە یاساییەکانی چین و پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییە دووقۆڵییەکان گەیاندووە.
بەرپرسانی چین داوایان لە تورکیا کردووە رێز لە بڕیارەکەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی بگرێ، هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت و رێکارە ناپەیوەستەکانی لە زووترین کاتدا راست بکاتەوە.
حکومەتی چین رایگەیاندووە، ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کاربکات بۆ بەرزکردنەوەی کواڵیتی و ئاستی هاوکارییە دوولایەنەکان لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان لە پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا لەگەڵ چین.




