رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق تاوتوێی گرێبەستێکی وەبەرهێنان لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی دەکات بە مەبەستی دامەزراندنی پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ بەکارهێنانەوە و ریسایکلکردنی تایەی بەکارهاتووی ئۆتۆمبێل.
رۆژی یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، حەیدەر ناسر زاهیر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پیشەسازییە لاستیکییەکان و تایە سەر بە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، شاندێکی کۆمپانیای (لۆنگیان سانکسینجو)ی چینی بۆ کەرەستە نوێبووەوەکان سەردانی بەغدایان کردووە و تاوتوێی دەرفەتەکانی هاوکاریی هاوبەش و واژۆکردنی گرێبەستێکی وەبەرهێنانیان لە بواری ریسایکلکردنی تایەی کۆن کردووە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیا عێراقییەکە ئاماژەی بەوە کرد: "لایەنی چینی ئارەزووی خۆی دەربڕیوە بۆ چوونە نێو ئەم پڕۆژە هاوبەشە، بە مەبەستی سوودوەرگرتن لەو بڕە زۆرەی تایەی بەکارهاتوو کە لە عێراقدا هەیە، ئەوەش لە رێگەی ریسایکلکردنیان بە نوێترین رێکار و تەکنەلۆژیای سەردەمیانەی جیهانی."
حەیدەر ناسر روونیشیکردەوە: "پڕۆژە پێشنیازکراوەکە دەبێتەهۆی ئەوەی تایەی بەکارهاتوو لە پاشماوەیەکی کەڵەکەبوو کە بارگرانییەکی گەورەی ژینگەییە، بگۆڕدرێ بۆ بەرهەمێکی ئابووریی شیاوی بازاڕکردن کە لە چەندین کەرتی بەرهەمهێناندا سوودی لێ وەربگیرێ، بەمەش رێگری لە زیانە ژینگەییەکانی فڕێدانی هەڕەمەکیی تایەکان دەکرێ."
لەبارەی قۆناخی ئێستای گفتوگۆکان، ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پێداویستییە تەکنیکی و وەبەرهێنانەکان کراوە بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەکە، هەروەها هەنگاوی داهاتوو بریتی دەبێت لە ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی ئابووری و تەکنیکی بۆ دیاریکردنی وردەکارییەکان و ئامادەکاری بۆ بڕیاردان لەسەر چوونە نێو قۆناخی گرێبەستی فەرمی.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای پیشەسازییە لاستیکییەکان، ئەوان کار دەکەن بۆ قۆستنەوەی هەموو دەرفەتەکان بۆ هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە شارەزاکان، بەجۆرێک کە لەگەڵ پلانەکانی وەزارەتی پیشەسازی بۆ پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازیی نیشتمانی و گۆڕینی پاشماوەکان بۆ سەرچاوەی ئابووری بگونجێت.



