رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، بەهۆی دەرچوونی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی لەبەر هۆکاری ئەمنی، بەرهەمهێنانی بەنزین لە عێراق رۆژانە 4 بۆ 5 ملیۆن لیتر کەمی کردووە و بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە پەنایان بۆ هاوردەکردن بردووە.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا کە لە وەرزی هاوینداین، ئاستی بەکاربردنی سووتەمەنی زۆر زیادی کردووە، ئەمەش بووەتەهۆی دروستبوونی جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئاستی بەرهەمهێنان و بەکاربردن."
سەبارەت بە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمی نێوخۆیی، سەلیم روکابی گوتی، "بەهۆی وەستانی پاڵاوگەی ئێف سی سییەوە لە بەسرە، کە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی کاری تێدا دەکرد و بە هۆکاری ئەمنی جێهێشتووە، رۆژانە نزیکەی 4 بۆ 5 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمهێنانمان کەمبووەتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە وەزارەتەکەی دوو هەنگاوی گرتووەتەبەر و گوتی، "پەنامان بۆ کارپێکردنی پاڵاوگەکان بەوپەڕی توانایانەوە بردووە بۆ زیادکردنی بەرهەم؛ هەروەها بڕیارمان داوە بڕێکی زۆر بەنزین لە دەرەوەی عێراق هاوردە بکەین بۆ ئەوەی ئەو جیاوازییەی لەنێوان بەرهەمهێنان و بەکاربردن دروستبووە، کەم بکەینەوە."
بەگوتەی سەلیم روکابی، ئێستا رۆژانە نزیکەی 30 هەزار مەترسێجا بەنزین بەرهەم دەهێنن و بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانیش بەگوێرەی رێکارەکانی کۆمپانیای سۆمۆ بەنزین لە دەرەوە هاوردەی عێراق دەکرێ.



