رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێرق، هۆشداریی دەداتە بانکەکان لەبارەی خێرایی بەڕێکردنی حەواڵەکان و 4 رۆژ مۆڵەتیان پێدەدات و کارئاسانیی نوێش پێشکێش دەکات.
رۆژی یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەکی لە بانکی ناوەندی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، هۆشدارییان داوەتە سەرجەم ئەو بانکە مۆڵەتپێدراوانەی کە پابەندی رێنماییەکان نابن و هەڕەشەی سەپاندنی سزایان لێدەکات ئەگەر لە ماوەی تەنیا 4 رۆژدا پرۆسەی بەڕێکردنی حەواڵە داراییەکان تەواو نەکەن.
هاوکات لە نووسراوێکی فەرمیدا کە لەلایەن عەممار حەمەد خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە وەکالەت واژۆ کراوە و ئاراستەی سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراوەکان کراوە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداوی کەوتووە، داوا لە بانکەکان دەکرێت رێکارەکانی حەواڵەی دەرەکی بۆ کڕیارەکانیان و بۆ مامەڵە تەواوکراوەکان ئاسان بکەن.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، بانکی ناوەندیی عێراق بەپێی پێویستیی بانکەکان، باڵانسی هەژمارەکانیان لە دەرەوە بەهێز دەکات، هەروەها بانکەکان بەخشراون لە مەرجی ماوەی دانانی پارە لە رێگەی سیستمی (RTGS)ەوە بە مەبەستی خێراترکردنی رێڕۆی حەواڵەکان.



