رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی ئاسیادا زیاتر لە 3٪ بەرزبووەوە. ئەم هەڵکشانە کتوپڕە دوای ئەوە دێت کە سوپای ئەمریکا رایگەیاند، چەندین مووشەکی ئێرانییان لە ناوچەکەدا تێکشکاندووە.
بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانیی وزە، نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی (WTI) بە رێژەی 3.67٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 82.17 دۆلار. هاوکات، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 3.39٪ زیادیکرد و گەیشتە 86.94 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەم بەرزبوونەوەیە رێک دوای ئەوە هات، سوپای ئەمریکا رایگەیاند، سیستمەکانی بەرگرییان بەرپەرچی چەندین مووشەکی ئێرانییان داوەتەوە. ئەمەش نیگەرانییەکانی لای بازرگانان زیاد کردووە کە شەڕەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دابینکردنی نەوت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەبێ.
پێش راگەیاندنەکەی سوپای ئەمریکا نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بەرەو دابەزین بوو بەهۆی خاوبوونەوەی گرژییەکان و هەوڵەکانی دیپلۆماسی بۆ ئاگربەست:
لە کۆتایی دوێنێ (28ی تەمموز)، نەوتی برێنت نزیکەی 84 دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێک (دابەزینی نزیکەی 4-5٪ لە چەند رۆژی پێشووتر). نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکیش نزیکەی 79 دۆلار بوو.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28-02-2026 دەستیپێکرد و ناوچەکەی خستووەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە. ئەم پێشهاتە سەربازییانە گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر رێڕۆ ئاوییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی وزەی جیهانیان خستووەتە مەترسییەوە.



