رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیێنێت، فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتەکە دەستی کردووە بە رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ مانگی تەممووز.
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تەممووزی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتەکە، لە ئەمڕۆوە دەستی کردووە بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەتەکان بۆ مانگی تەممووز.
بە شێوەیەکی ئاسایی لە 18ی هەموو مانگێک وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات، بەڵام چەند مانگێکە بەهۆی کێشەی نەختینەوە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دوادەکەوێت.
لە عێراق زیاتر لە 11 ملیۆن مووچەخۆر هەن، کە پێکدێن لە زیاتر لە چوار ملیۆن و 200 هەزار فەرمانبەر، زیاتر لە سێ ملیۆن خانەنشین و سێ ملیۆن مووچەخۆری چاودێریی کۆمەڵایەتی؛ ئەمە جگە لە کەسوکاری شەهیدان، زیندانییانی سیاسی و چەند توێژێکی دیکە.
حکومەتی عێراق بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 7 تریلیۆن دینارە.



