رووداو دیجیتاڵ
فرۆشی خانوو و شوقە لە باکووری کوردستان و تورکیا لە مانگی ئەیلوولدا بە رێژەی 9.3% دابەزیوە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو.
ئەمرۆ هەینی، 16-10-2026 دەستەی ئاماری تورکیا ئاماری فرۆشی خانووبەرە و شوێنی کاری بۆ مانگی ئەیلوولی 2026 بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکە، هەرچەندە فرۆشی خانوو و شوقەی نوێ بە رێژەی 3.9% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 51 هەزار و 519 دانە، بەڵام فرۆشی خانوو و شوقەی بەکارهاتوو بە رێژەی 15.3% دابەزیوە و 90 هەزار و 871 دانەیان لێ فرۆشراوە.
کۆی گشتیی فرۆشی خانوو و شوقە لە مانگی ئەیلوولدا بەراورد بە ئەیلوولی 2025، بە رێژەی 9.3% کەمیکردووە.
فرۆش بە قیستی بانکی زیادیکردووە
سەرەڕای دابەزینی گشتی، فرۆشی خانوو و شوقە بە قیستی بانکی لە مانگی ئەیلوولدا بە رێژەی 5.1% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 23 هەزار و 397 دانە. لە بەرامبەردا، فرۆشی راستەوخۆ بە رێژەی 11.6% دابەزیوە.
فرۆشی خانوو و شوقە بە بیانییەکان زیادیکردووە
فرۆشی خانوو و شوقە بە هاووڵاتییانی بیانی لە مانگی ئەیلوولدا بە رێژەی 9.9% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 2 هەزار و 167 دانە. زۆرترین خانوبەرە بە هاووڵاتییانی ئەم وڵاتانە فرۆشراوە:
1.رووسیایی؛ 388 خانوو و شوقە
2.عێراقی؛ 166 خانوو و شوقە
3.ئەڵمانیایی: 162 خانوو و شوقە
ئاماری 9 مانگی ئەم ساڵ
لە 9 مانگی رابردوودا کۆی گشتیی فرۆشی خانوو و شوقە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بە رێژەی 7.2% دابەزیوە و گەیشتووەتە 1 ملیۆن و 92 هەزار و 919 دانە.
هەروەها فرۆشی شوێنی کار (دووکان و نووسینگە) لە مانگی ئەیلوولدا بە رێژەی 3.8% دابەزیوە و گەیشتووەتە 17 هەزار و 345 یەکە



