هەولێر - دیجیتاڵ
بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و رێکخستنی نۆرەی وەرگرتنی بەنزین، لە شاری هەولێر بەشێوەی تاقیکاری دەست بە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بە کارتی ئەلیکترۆنی کرا و بڕیارە دوای هەڵسەنگاندن، پرۆسەکە فراوانتر بکرێت.
پرۆسەکە لە بەنزینخانەی شەهم لە هەولێر دەستیپێکردووە و بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک 40 لیتر بەنزین دیاریکراوە.
کامەران ئەحمەد، یەکێک لە شوفێرەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پرۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و ئەم هەنگاوە کارێکی باش بوو."
شاخەوان ئیبراهیم، شوفێرێکی دیکەیە و پێیوایە دابەشکردنی بەنزین بە کارتی ئەلیکترۆنی وا دەکات شوفێران ناچار نەبن هەموو رۆژێک لە نۆرەدا بوەستن.
لە بەرامبەردا، بەشێک لە شوفێران بڕی 40 لیتر بەنزین بە کەم دەزانن. محەممەد سامان کە شوفێرە و رۆژانە هاتووچۆی نێوان هەولێر و سلێمانی دەکات، دەڵێت، "40 لیتر بەنزین کەمە و بەشم ناکات."
هەروەها سەرتیب محەممەد، شوفێرێکی دیکەیە و پێشنیازی کرد، "ئەگەر بکرێت هەفتەی دووجار و هەر جارێک 50 لیتر بەنزین دابەش بکرێت زۆر باش دەبێت، چونکە 40 لیتر کەمە."
بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێر هەڵسەنگاندن بۆ سیستمە نوێیەکە دەکات و بەپێی رێژەی بەرهەمهێنانی بەنزین، بڕی دابەشکردن دیاری دەکرێت.
سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە رووداوی گوت، "ئەمە هەنگاوێکی سەرەتاییە و بەشێوەی تاقیکاری دەستمان پێکردووە. بەپێی رێژەی بەرهەهێنان، ئێمە بەنزین دابەش دەکەین."
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان وەک رێکارێک دێت بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و رێکخستنی نۆرەی دوور و درێژی ئۆتۆمبێلەکان لە بەردەم بەنزینخانەکان.
