رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دانە گاز بەرهەمهێنانی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێکردەوە. بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبا دەڵێت، بە زیادبوونی بەرهەم، کاژێرەکانی کارەباش زیاد دەکەن.
رۆژی دووشەممە 27ی تەممووزی 2026 قارەمان سلێمان، بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە دەستپێکردنەوە و زیادبوونی بەرهەمی دانە گاز، دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان باش دەبێتەوە، چونکە بەرهەم زیاد دەکاتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبا."
هەر لەو بارەیەوە بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبا بە رووداوی گوت، "ئەگەر تاوەکو کاژێر 08:00ـی بەیانی سبەی هیچ هێرشێکی درۆنی نەکرێتە سەر کوردستان، ئەوە سبەی دەست بە بەرهەمهێنانی گاز دەکرێتەوە. 24 کاژێر دوای دەستپێکردنەوەی کارکردن لەناو دانەگاز، لە رێی بۆرییەکانەوە گاز دەگاتەوە وێستگەکان و کارەبا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی."
بەگوتەی سەرچاوەکەی رووداو، ئەگەر کارکردن لە دانە گاز بەردەوام بێت لەم یەک دوو رۆژەدا، کارەباش ئاسایی دەبێتەوە.
هاوکات، شاکر واجد شاکر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانە گاز بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو سبەی سێشەممە ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەگەیێننە ئاستی 100%.
ئەمڕۆ کۆمپانیای دانە گاز بڵاویکردەوە، دوای وەرگرتنی گەرەنتی لە بەرزترین ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 16-07-2026، بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی کاتی راگیرا، کە بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی 2500 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمیکرد و پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەوە.



.jpg&w=3840&q=75)
