رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی سێ ساڵدا حکومەتی فیدراڵی زیاتر لە 30 تریلیۆن دینارى لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمار کردووە، ئەوەش بەگوێرەی ژمێرەی کۆتایی ساڵی 2012 بۆ 2014 کە رادەستی پەرلەمان کراوە. لە یەکێک لە ساڵەکاندا هەرێمی کوردستان تەنیا شوێن بووە کە 100%ی پارەکەی خەرج کردووە.
پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەر سێ پڕۆژەیاسای پەسندکردنی ژمێرەی کۆتایی ساڵانی 2012، 2013 و 2014 کردووە، بۆ ئەوەى لە پەرلەمان دەنگى لەسەر بدرێت.
ژمێرەی کۆتایی، وردەکاریی شێوازی خەرجکردنی بودجەی ساڵانەیە لەگەڵ ئەو داهاتانەی لەو ساڵانە بەدەستهاتوون، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ئامادە دەکرێت.
2012 نزیکەی شەش تریلیۆن دینار ماوەتەوە
لە ساڵی 2012دا تێکڕای خەرجی 105.1 تریلیۆن دینار بووە بە هەردوو خەرجیی بەکارخستن و وەبەرهێنانەوە، لە کاتێکدا ئەو ساڵە داهات 119.8 تریلیۆن دینار بووە.
لە ژمێرەی کۆتایی ئەو ساڵەدا هاتووە، 14.6 تریلیۆن دینار زیادە بووە لە خەرجیی ئەو ساڵە بەراورد بە داهاتەکەی، لە کاتێکدا 5.9 تریلیۆن دینار زیاتر لەوە خەرج کراوە کە لە یاسای بودجەی گشتی دیاریکراوە.
خەرجیی کرداریی ساڵی 2012 بەراورد بە ساڵی پێش خۆی 33.5% زیاتر بووە.
پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجی رەوان و وەبەرهێنان لە ساڵی 2012دا 13.5 تریلیۆن دینار بووە بەگوێرەی ئەوەی کە لە تەرازوی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە، کە ناردوویەتی بۆ فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵی، بێ ئەوەی دیوانی چاودێریی دارایی وردبینی بکات.
لە یەکێک لە راسپاردەکاندا دیوانی چاودێریی دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی کردووە، پابەند بێت بەو ماوە یاساییانەی لە یاسای راگرتنی دارایی هاتووە بۆ ناردنی ژمێرەی کۆتایی بۆ دیوانی چاودێریی دارایی بۆ وردبینیکردن.
بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی عێراق، دەبێت ساڵانە وەزارەتی دارایی ژمێرەی کۆتایی داهات و خەرجکردنی بودجەی ئەو ساڵانە ئامادە بکات و لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە وردبینیی بۆ بکرێت.
ئەو ساڵە تەرخانکردنی دارایی خەرجی رەوان 91% و وەبەرهێنان 56%ی خەرج کراوە.
هەرێمی کوردستان تەنیا شوێن بووە لە ساڵى 2012 کە 100%ـی پارەی تەرخانکراوی لە بودجەی گشتی عێراق خەرج کردووە، بەڕێوەبەرایەتى وەبەرهێنانی 15 پارێزگا لە خەرجی وەبەرهێنان سفر بوون.
2013 خەرجییەکان 13% زیادیکردووە
خەرجی ئەو ساڵە 119.1 تریلیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا داهاتی راستەقینە 113.8 تریلیۆن دینار بووە، بەو پێیە کورتهێنان 5.2 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام 98.4 تریلیۆن دینارى ساڵی 2012 خەرج نەکراوە و گوێزراوەتە ساڵی 2013 و بەو هۆیەوە 93.1 تریلیۆن دینار زیادە هەبووە لەو ساڵانەدا.
خەرجییەکانی 2013 لە هەرێمى کوردستان بەگوێرەى ژمێرەى کۆتایی ئەو ساڵە 13.3% بە بەراورد بە ساڵی 2012 زیادیکردووە.
خەرجی هەرێمی کوردستان کە لەو ساڵەدا هەژمار کراوە 15.3 تریلیۆن دینار بووە، کە لە خەرجی رەوان و وەبەرهێنان پێکهاتووە.
2014، پشکی هەرێمی کوردستان 86% کەم بووەتەوە
خەرجی ساڵی 2014 لەسەر بنەمای خەرجی ساڵی 2013 دیاریکراوە. خەرجیی راستەقینەی رەوان و وەبەرهێنان لە ساڵی 2014 گەیشتووەتە 77.6 تریلیۆن دینار.
بەگوێرەی ژمێرەی کۆتایی خەرجکردنی بودجە لەو ساڵەدا 27.7 تریلیۆن دینار کورتهێنان هەبووە، بەڵام 93.1 تریلیۆن دیناری ساڵی 2013 کە خەرج نەکراوە گوێزراوەتەوە بۆ ساڵی 2014 و کورتهێنانەکەی پێ پڕکراوەتەوە و 65.4 تریلیۆن دینار زیادە هەبووە.
تێکڕای خەرجی هەرێمی کوردستان کە لە ژمێرەی کۆتایی ساڵی 2014دا دەستنیشان کراوە، 2.2 تریلیۆن دینار بووە، کە لە تەرازووی پێداچوونەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نێردراوە بەو پێیە پشکەکەى بەراورد بە ساڵى 2012 بە رێژەی 86% کەم بووەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە تەنیا 8%ـی پارەی بودجەی پترۆدۆلار خەرج کراوە.
سپاردەی دارایی ساڵی 2014 گەیشتووەتە 26.4 تریلیۆن دینار کە بەراورد بە ساڵی پێش خۆی 65% کەم بووەتەوە. ئەو بڕە پارەیەش سپاردەی دارایی کۆمپانیاکانە کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەیە، کە لە هەژماری بانکیی دەستەی گشتیی باج هەڵدەگیرێت تاوەکو کۆتایی هاتنی پڕۆژە و گرێبەستەکە.
.jpg&w=3840&q=75)


