رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دانە گاز رایدەگەیێنێت، دوای وەرگرتنی گەرەنتی لە بەرزترین ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد دەکەن. بەڕێوەبەرەکەشیان دەڵێت، تاوەکو سبەی ئاستی بەرهەمهێنان دەگەیێنینەوە ئاستی پێشوو.
رۆژی دووشەممە 27-07-2026 کۆمپانیای دانە گاز لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی بۆرسەی ئەبوزەبی کردووە، رایگەیاند، "دوای هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ بارودۆخەکە و وەرگرتنی گەرەنتیی روون لە لایەنە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر بە وریایی و بە شێوەیەکی پلەبەندی بەرز دەکرێتەوە."
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم بڕیارە بۆ پاڵپشتیکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییانە بۆ سووتەمەنیی وێستگەکانی کارەبا، چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
هەر لەو بارەیەوە شاکر واجد شاکر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانە گاز بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو سبەی سێشەممە ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەکە دەگەیێنینە ئاستی 100%.
رۆژی پێنجشەممە 16-07-2026 کۆمپانیای دانە گاز رایگەیاند، بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە بەرهەمهێنانی گازیان لە کێڵکەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی کاتی راگرتووە. هەر ئەوکات وەزارەتی کارەباش کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی کارەبای راگەیاند.
کۆمپانیای دانە گاز بەرهەمهێنەری سەرەکیی گازە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی گازی سرووشتییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق. یەدەگی سەلمێندراوی تائێستا بە 16 ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

.jpg&w=3840&q=75)
