رووداو دیجیتاڵ عومەر گەرمیانی، پێشمەرگەی برینداری شەڕی داعش، کە هێشتا پارچەی تەقەمەنی لە جەستەیدا ماوە، نیگەرانە لەوەی کە ئەو و هاوڕێ پێشمەرگەکانی لە ئۆفەری قیست و قەرزی بانکەکان بێبەشکراون. ئەو پێشمەرگەیە دەڵێت، "ئەوەی نیگەرانی کردووە ئەوەیە کە ئۆفەری قیست و پێدانی پارە بەشێوازی قەرز لە بەشێک لە بانکەکان من و هاوڕێ پێشمەرگەکانم ناگرێتەوە." جگە لە پێشمەرگە، کورتەباڵاکانیش لە خزمەتگوزارییە بانکییەکانی وەک قەرز، کڕینی ئۆتۆمبێل و پێشینەی سێ مووچە بێبەشن. بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکان، "مووچەکەمان 150 هەزار دینارە، هیچ شتێک لە پێشینەکان نامانگرێتەوە و مووچەکەش وەک خێر پێمان دەدەن." ئەو ئۆفەرانە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەڵام مەرجیان هەیە. بەشێک لە بانکەکان داوایان ئەوەیە کە دەبێت مووچەخۆر مووچەکەی لە سەرووی یەک ملیۆن دینارەوە بێت، هەندێکی دیکەشیان دەڵێن دەبێت قیستی مانگانە لە 40%ی مووچەکەی زیاتر نەبێت. ئاری جاف، بەڕێوەبەری قەرزی بچووک و مامناوەند لە یەکێک لە بانکەکان دەڵێت، "قەرزەکانمان بۆ ماوەی پێنج ساڵە و بۆ هەر مووچەخۆرێکە کە هەژماری بانکیی هەبێت و مانگانە 40%ی مووچەکەی لێ وەردەگرینەوە." تەنیا لە یەکێک لە بانکەکانی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی 10، زیاتر لە 2 هەزار کەس سوودیان لە ئۆفەری کڕینی ئۆتۆمبێل و پێداویستیی ماڵ وەرگرتووە، کە بە قیستی مانگانە پارەکەی دەگەڕێننەوە.