رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە بە رێژەی 1.4٪ بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە 4110 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
وەستاندنی کاتیی جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نرخی نەوتی دابەزاند و ئەوەش کەمێک لە نیگەرانییەکانی پەیوەست بە سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسانی کەمکردووەتەوە.
بازرگانان هەروەەها چاوەڕوانی کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکان لەسەر سوودی بانکی.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی داهاتوو بە نزیکەی 4112 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
تیم واتێرەر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "سوودمەندی یەکەمی ئەمڕۆی بازاڕەکان زێڕە کە لەبەر دابەزینی نرخی نەوت، نرخەکەی بەرزبووەتەوە و دابەزینی دۆلاری ئەمریکیش پاڵپشتی زیاتری بۆ نرخەکەی دروستکردووە."
نرخەکانی نەوت ئەمڕۆ بە رێژەی 5٪ دابەزین و نرخی دۆلاریش بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکی جیهان ئەمڕۆ بە رێژەی 0.3٪ دابەزیوە.
رۆژی یەکشەممە بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوت، تا ئەو کاتەی ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگرێت، ئەوانیش هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا رادەگرن.
لە دوای خولی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، نرخەکانی نەوت بەردەوام روویان لە بەرزبوونەوە بووە کە بوونەتە هۆکار بۆ سەرهەڵدانەوەی نیگەرانییەکان لەسەر هەڵاوسان. ئەوەش گوشاری لەسەر نرخی زێڕ دروست کردووە.
تیم واتێرەر دەڵێت: "بەشێوازێکی بنەمایی من پێموایە نرخی زێڕ ئاراستەی رووی لە بەرزبوونەوەیە، هەرچەندە لە کورتخایەندا ئاراستەکەی گرێدراوە بە نرخی نەوت و رووداوە جیۆسیاسییەکان."
لەلایەکی دیکەوە چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی بانکی ناوەندیی ئەمریکان کە بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات. بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بەزۆری چاوەڕوان دەکرێت بانکەکە رێژەی سوودی بانکی وەک خۆی جێگیر بکات، بەڵام بۆ مانگی 9، بازرگانان چانسی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بە 80٪ دەزانن.


