رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە وەبەرهێنەران هەستیان بە ئارامی کرد کاتێک ئەمریکا بۆ سێ شەو لەسەر یەک هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگرت، ئەوەش دەرگای بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان واڵا کردووە.
تەنیا نیو کاژێر دوای دەستپێکردنی مامەڵەکان، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 5.89% دابەزی و گەیشتە 91.08 دۆلار، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کەم بۆ خوار 90 دۆلاریش دابەزی. هەروەها نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکی بە رێژەی 5.73% دابەزی و گەیشتە 84.19 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
نرخی نەوتی خاو
مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەرفەتی داوەتە پڕۆسەی دانوستاندن لەگەڵ ئێران. مایک واڵتز بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی جەختی کردەوە کە گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرۆک هێشتا بژاردەی تووندترکردنی هێرشەکانی لای نەبردووە.
پێش رۆژی هەینی، سوپای ئەمریکا بۆ ماوەی 13 شەوی یەک لە دوای یەک هێرشی دەکردە سەر ئێران. تاران لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا کە لە 7ـی تەممووزەوە دەستیان پێکردبووەوە، تەنگەی هورمزی داخست و بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرێن، کوێت و ئوردن.
محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئەمریکییەکان لە دوو شەوی رابردوودا هێرشەکانیان راگرتووە، گوتیشی: "لەبەر ئەوەی ستراتیژیی ئێمە لەسەر بنەمای وەڵامدانەوەی هاوشێوەیە، ئێمەش ئۆپەراسیۆنە تۆڵەسێنەکانمان راگرتووە."
ئێستا بازاڕەکان گەشبینن بەوەی ئاگربەستێک بێتە ئاراوە و رێگە بدات هاتوچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دەستپێبکاتەوە. ئەم رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە بەرپرسە لە گواستنەوەی یەک لەسەر پێنجی بەرهەمی نەوت و گازی شل کە رۆژانە لە جیهاندا بەکاردەهێندرێت.
هاوکات کێشەیەکی دیکە بۆ بازاڕەکانی نەوت دروست بووە، ئەویش دوای ئەوەی حووسییەکان لە یەمەن رایانگەیاند گەمارۆ دەخەنە سەر دەریای سوور و تەنگەی بابولمەندەب بۆ ئەو کەشتییانەی لە سعودیەوە دێن. سعودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی خاوە لە جیهاندا و ئەم رێڕەوە بۆ ریاز زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بتوانێت ئاستەنگەکانی تاران لە تەنگەی هورمز تێپەڕێنێت.
واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە 17ـی حوزەیراندا، پێشتر ببووە هۆی ئەوەی نرخی نەوتی برێنت بۆ کەمێک زیاتر لە 70 دۆلار دابەزێت، بەڵام زیادبوونی گرژییەکان لە مانگی تەممووزدا نرخەکانی جارێکی دیکە بەرز کردەوە.


