رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، بەهۆی ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا هەیە، هیچ گرێبەستێکی کۆمپانیا بیانییەکان هەڵنەوەشێندراوەتەوە.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی یەکشەممە 26ی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند، "زۆربەی کۆمپانیا بیانییەکان کە لە پارێزگاکانی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) کاردەکەن، لە کاتی دەستپێکردنی جەنگ بە تەواوی نەکشانەوە، بەڵکو تەنیا ژمارەی کارمەندەکانیان کەم کردەوە و ئێستاش دوای باشبوونی دۆخەکە دەستیان بە گەڕانەوە کردووەتەوە."
سەلیم روکابی گوتی، هیچ گرێبەستێکی کۆمپانیا بیانییەکان لەم دۆخەدا هەڵنەوەشێندراوەتەوە، چونکە وەزارەت بڕگەیەکی لە نێوەڕۆکی گرێبەستەکاندا زیادکرد، ئەوەش رێگە بە کۆمپانیاکان نادات لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان.
سەبارەت بە پابەندیی کۆمپانیاکان بە کات و رێژەی جێبەجێکردنی کارەکانیان، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، "خشتەی کاتی بۆ جێبەجێکردنی گرێبەستەکان هەیە. هەر لادانێک لەو خشتەیە بێ پاساو، سزای دارایی یان رێکاری تووندتری بەدوادادێ کە دەگاتە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست و خستنی کۆمپانیاکە لەنێو لیستی رەش."
لەبارەی بڕی بەرهەمهێنانەوە سەلیم روکابی گوتی، بەرهەمهێنان و هەناردەکردن ناجێگیرە، بەڵام پێش دەستپێکردنی شەڕ، بەرهەمهێنان نزیکەی 4 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا.
لەبارەی گرژییەکانی ناوچەکە لەسەر کەرتی نەوتی عێراق، سەلیم روکابی گوتی، "پشێوییەکان کاریگەرییان لەسەر بڕی بەرهەمهێنان هەبووە و وایکردووە زۆربەی کۆمپانیاکان بەشێک لە کارمەندە تایبەتمەندەکانیان بکشێننەوە."
عێراق یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جیهاندا و پشتبەستنی بەشی زۆری داهاتی بە نەوتە.

.jpeg&w=3840&q=75)

