رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی نرخی زێڕ بەرزبووەوە، لە کاتێکدا نرخی نەوتی برێنت لە نزیک ئاستەکانی 100 دۆلار پاشەکشەی کرد.
نرخی زێڕ رۆژی هەینی بە رێژەی 0.3% بەرزبووەوە و گەیشتە 4053 دۆلار. ئەمەش لە کاتێکدایە، نرخی کانزای زەرد رۆژی پێنجشەممە نزیکەی 2% دابەزیبوو.
تای وۆنگ، بازرگانی سەربەخۆی کانزاکان لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێڕ خەریکە لە ئاستەکانی نزیک لە 4000 دۆلار جێگیر دەبێت، هەرچەندە نیگەرانی هەیە لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی."
هەرچەندە زێڕ وەک پەرژینێک لە دژی هەڵاوسان کار دەکات، بەڵام ئەم تایبەتمەندییەی لەدەستدەدات کاتێک سوودی بانکی لە ئاستێکی بەرزدا بێت. ئێستا وەبەرهێنەران چاوەڕێی کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن، کە بەزۆری چاوەڕوان دەکرێت رێژەی سوود وەک خۆی بهێڵێتەوە.
بازرگانان پێشبینی دەکەن بە ئەگەری 80% لە مانگی ئەیلوول دا رێژەی سوود بەرز بکرێتەوە.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، نرخی زێڕ 23%ی بەهای خۆی لەدەستداوە.
شارەزایانی کۆمپانیای راوێژکاریی (ING) لەو بارەیەوە لە یاداشتێکدا بۆ وەبەرهێنەران رایانگەیاند، "بەرزبوونەوەکانی ئەم دواییەی نرخی زێڕ بە ئەگەری زۆرەوە لەبەر کڕینی زێڕ لە ئاستە نزمەکاندا روویداوە، کە وەبەرهێنەران بە دەرفەتیان زانیوە."
ئەو شارەزایانە دەڵێن، "بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، بە ئەگەری زۆرەوە بەرزبوونەوەکانی نرخی زێڕ سنووردار دەکەن."
.jpeg&w=3840&q=75)



