رووداو دیجیتاڵ نەبوونی پارەی وردەی 250 دیناری لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بووەتە گرفتێکی گەورە بۆ کاسبکاران و هاووڵاتییان. بەختیار خۆشناو، چایچییەکە و دەڵێت بەهۆی دەستنەکەوتنی پارەی وردە، رۆژانە نزیکەی پێنج هەزار دیناری بەدوای کڕیارەکانیدا دەڕوات و ناچارە واز لە فرۆشتن بهێنێت. بەختیار خۆشناو، بە رووداوی گوت، "پارەی وردەمان نییە، 250 دیناری زۆر کەمبووە. جاری وا هەیە کڕیارێک یەک چا دەخواتەوە و پێنج هەزار دیناریمان دەداتێ، ئێمەش وردەمان نییە و ناچارین بڵێین وازی لێبێنە." قەیرانەکە کاریگەریی کردووەتە سەر بەهای ئەو دراوە لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراودا. لەکاتێکدا 100 دۆلاری ئەمریکی بە پارەی گەورە بە نزیکەی 166 هەزار دینارە، ئەگەر داوای هەمان بڕ بە 250 دیناریی خاوێن بکەیت، تەنیا 135 هەزار دینارت پێدەدەن. لە بۆرسەی دراوی هەولێر، باسی سەرەکیی بازاڕ، دەستکەوتنی 250 دینارییە و بۆ وەرگرتنی بڕێک لەو دراوە، دەبێت چەند رۆژێک نۆرەی بۆ بگیرێت. سەمەد خدر، وردەفرۆشێکە و دەڵێت، "100 هەزار دیناری بە 500 دیناری بە 155 هەزار دینارە، واتە 10 هەزار دینار جیاوازیی هەیە. 100 هەزار دیناری بە 250 دیناریی خاوێن بە 135 هەزار دینارە، واتە 30 هەزار دینار جیاوازییەتی. 250 دیناریی کۆنیش بە 110 هەزار دینارە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە بازاڕدا نییە و دەستناکەوێت. خەڵکیش کە چێشتخانە و چایخانەی هەیە، ناچارە بیکڕێت." گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانیش هۆکاری قەیرانەکە بۆ چاپنەکردنی بڕی پێویست لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دەگەڕێنێتەوە. کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشان، بە رووداوی گوت، "ماوەیەکی زۆرە حکومەتی عێراق بڕێکی کەمی لە پارەی وردە خستووەتە بازاڕ. بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، پێویستە حکومەتی عێراق مانگانە یەک ملیار دیناری 250 دیناری چاپ بکات و چاپکردنی پارەی گەورە کەمبکاتەوە." بەپێی ئامارەکان، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، بانکی ناوەندیی عێراق تەنیا 203 ملیار دیناری 250 دیناری چاپکردووە، لە کاتێکدا نزیکەی 47 تریلیۆن دینار لە جۆری 25 هەزاری چاپکراوە.