رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، راگرتنی هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ ئوردن بەهۆی ئەوەیە کە پێشتر نەوتی سووکی کەرکووکیان بۆ دەناردن، بەڵام ئێستا ئەو جۆرە نەوتە بەردەست نییە، لە بری ئەوە پێنیشازیان کردووە نەوتى مامناوەندى بەسرەیان بۆ هەناردە بکەن.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، راگرتنی هەناردەی نەوت بۆ ئوردن هۆکارەکەی تەکنیکییە و پەیوەندیدارە بە تایبەتمەندیی نەوتی خاو و پاڵاوگەکانی ئوردنەوە، چونکە پێشتر نەوتی سووکی کەرکووکیان بۆ دەناردن کە لەگەڵ سروشتی کاری پاڵاوگەکانی ئەو وڵاتە دەگونجا، بەڵام ئێستا ئەو جۆرە نەوتە لە عێراق بەردەست نییە.
لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ ئوردن بە تەنکەر راگیراوە، کە رۆژانە زیاتر لە 10.5 هەزار بەرمیل بوو.
سەلیم روکابی رایگەیاند، عێراق ئەوەی خستووەتە بەردەم ئوردن کە نەوتی خاوی مامناوەندی بەسرەیان پێ بدرێت لەبری نەوتی سووکی کەرکووک، بەڵام لایەنی ئوردنی رایانگەیاندووە، پاڵاوگەکانیان ناتوانن ئەو جۆرە نەوتە بپاڵێون.
ساڵی 2025 بڕی ئەو نەوتەی لە عێراقەوە هەناردەی ئوردن کراوە، دوو ملیۆن و 762 هەزار و 817 بەرمیل بووە، کە هەر بەرمیلێکی بە کەمتر لە 16 دۆلاری نرخی بازاڕ دەفرۆشرا.
پێشتر لە 25ی ئایاری 2026، لیندا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەکانی ئوردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ وڵاتەکەى، پێویستی بە نوێکردنەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی دەستبەرکردنی ئەو نەوتەیە کە لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتەکەیان کراوە.


.jpg&w=3840&q=75)
