رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هێرشە درۆنییەکان و هەڕەشە ئەمنییەکانەوە، کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان یەک لە دوای یەک کارەکانیان رادەگرن. توێژەرێکی بواری وزە رایدەگەیێنێت، ئێستا بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمتر لە 100 هەزار بەرمیل دابەزیوە.
د. شوان شەرعی، مامۆستای زانکۆی ئەمریکی - سلێمانی و لێکۆڵەر لە ناوەندی "زیا جەعفەر" بۆ وزە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی رووداو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: هێرشە درۆنییەکان کاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەبووە.
تاوەکو ئێستا هەریەک لە کۆمپانیاکانی شاماران پترۆلیۆم، HKN، دانەگاز و گەڵف کیستۆن بە شێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانیان راگرتووە.
د. شوان شەرعی ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی راگرتنی کارەکان لە کێڵگەی ئەترووش و سەرسنگ نزیکەی 44,000 بەرمیل، و لە کێڵگەی شێخانیش نزیکەی 45,000 بەرمیل نەوتی رۆژانە لەدەستچووە. هەروەها دەنگۆی ئەوە هەیە کۆمپانیای DNOـی نەرویجیش کارەکانی راگرتبێت.
پێش ئەم شەپۆلە نوێیەی راگرتنی کارەکان، هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 150,000 بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا. بەڵام بە گوتەی د. شوان، ئێستا بەرهەمەکە بۆ کەمتر لە 100,000 بەرمیل دابەزیوە؛ لەو بڕەش 50,000 بەرمیلی بۆ پێداویستیی ناوخۆیە و ئەوی دیکەی رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت بۆ هەناردەکردن.
ئەو توێژەرە پێیوایە ئەم هێرشانە پەیامێکە بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە ئەمریکا نزیک نەبێتەوە، چونکە ژمارەیەک لە هێرشەکان زیانیان بە کەرتی نەوتی بەسرەش گەیاندووە.
لە دوای داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کە رێڕەوی 90%ـی نەوتی عێراقە، د. شوان شەرعی جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت عێراق تەنیا پشت بە دەروازەی بەسرە ببەستێت. ئەو پێشنیاز دەکات عێراق سوود لەو بۆرییانە وەربگرێت کە لە بەسرەوە دەچنە حەدیسە، بانیاس، عەقەبە و بەندەری جەیهان بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت تووشی پەککەوتن نەبێت.


