رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان کەمبوونەوەی بڕی بەرهەمهێنانی کارەبایان راگەیاند، ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکان دەڵێ، بەهۆی ئەوەی هاونیشتمانییان لەم کاتەی ساڵدا کەم کارەبا بەکاردەهێنن، پێدانی کارەبا بە هاونیشتمانییان زۆر کەم نەبووەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2026 خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە رووداوی گوت، "چاکسازیی کۆمپانیای (دانەگاز) هیچ کاریگەرییەکی نەکردووەتە سەر کەمبوونەوەی کارەبا و دۆخەکە هاوشێوەی چەندین رۆژ لەمەوبەرە."
سەبارەت بە کاژێرەکانی کارپێکردنی موەلیدە ئەهلییەکان، خۆران خۆرانی روونیکردەوە، "رۆژانە لە شاری هەولێر چوار بۆ پێنج کاژێر موەلیدەکان کاردەکەن، ئەمەش بەراورد بە مانگی رابردوو کەمیکردووە، کە ئەوکات 10 کاژێر کارەبا دەدرایە هاونیشتمانییان."
خۆران خۆرانی گوتیشی، "لە هەندێک لە ناوچەکانی دەرەوەی شاری هەولێریش، 8 بۆ 10 کاژێر موەلیدە کار دەکات،" بەتایبەتی ئەو شوێنانەی پڕۆژەی رووناکییان پێ نەگەیشتووە.
"لە 10 رۆژدا تەنیا یەک کاژێر کارەبا بڕاوە"
هەر ئەمڕۆ هەینی، هەکار هروری، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە رووداوی گوت، "لەگەڵ دەستپێکردنی چاکسازییەکانی کۆمپانیای (دانەگاز) لە سەرەتای ئەم مانگەدا چاوەڕی بووین پێدانی کارەبای نیشتمانی کەم بێتەوە، بەڵام لە دە رۆژی رابردوودا تەنیا یەک کاژێر کارەبا لە شاری دهۆک بڕاوە."
ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک روونی کردەوە، لەم وەرزەدا هاونیشتمانییان خواستیان لەسەر کارەبا کەمە، بەو پێیەی نە ئامێرەکانی ساردکەرەوە و نە ئامێرەکانی گەرمکەرەوە کار پێناکەن، ئەمەش وا دەکات گوشار لەسەر کارەبا دروست نەبێت.
دوێنی پێنجشەممە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "بەهۆی دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی چاکسازییەکانی کۆمپانیای (دانە گاز) بۆ چوار رۆژ بڕی 1070 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەم دەکات."
لە سلێمانی و هەڵەبجە کارەبا نەبڕاوە
هەر ئەمڕۆ هەینی عوسمان محەممەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "دەستپێکردنی چاکسازییەکانی دانە گاز و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا هیچ کاریگەریگەرییەکی لەسەر کارەبا نەبووە و موەلیدە ئەهلییەکان کارناکەن."
سەبارەت بە پارێزگای هەڵەبجە، عوسمان محەممەد روونی کردەوە، موەلیدەکان لە شاری هەڵەبجە کاریان نەکردووە، بەڵام لەو شوێنانەی (پرۆژەی رووناکی)نەگەیشتووە، موەلیدەکان چەند کاژێرێکی کەم کاریان کردووە.



