رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێ، دەکرێ واشنتن لە رۆژانی داهاتوودا دەست بەسەر نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە دراوی دیجیتاڵی(کریپتۆ)ى ئێراندا بگرێ، ئەمەش وەک بەشێک لە هەڵمەتێکی نوێ بە ئامانجی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تاران.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیاى وڵاتەکەی رایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ شوێنی ئەو دراوە دیجیتاڵییەی دەستنیشان کردووە و بەم زووانە دەستی بەسەردا دەگرێ.
بێسێنت گوتی، "رەنگە لەم هەفتەیە دەست بەسەر یەک ملیار دۆلاری دراوی دیجیتاڵیدا بگرین. دەزانین ئەو سەرمایەیە لە کوێیە."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، کۆشکی سپی لە قۆناخی سزاکانی "گوشاری زۆرینە" پەڕیوەتەوە بۆ "دابڕانی رەها"ی ئێران و گوتی، "پێشتر هەڵمەتی گوشاری زۆرمان هەبوو، بەڵام ئێستا هەڵمەتی دابڕینی تەواوەتیمان هەیە و ئەنجامەکەیشی دەبینین. ئەو هەنگاوانەی ناومانن وێنەیان نەبووە."
بێسێنت روونیکردەوە، ئەم گوشارە شڵەژانێکی گەورەی لەنێو دەسەڵاتی ئێران دروستکردووە و ستراتیژیی ئێستای واشنتن بریتییە لە سەپاندنی کەرەنتینەیەکی گشتگیر بەسەر دەسەڵاتی تاران، بەجۆرێک کە دەستڕاگەیشتنی بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان و سەرچاوە داراییە نەریتی و نانەریتییەکان بە یەکجاری پەکبخرێ.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا باسی لە رێوشوێنی بێ پێشینەی هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی لەسەر کەرتی نەوتی تاران کرد و گوتی: "بۆ یەکەمجار لە مێژووی دەرهێنانی نەوت لە ئێران، هیچ نەوتێکی ئەو وڵاتە بۆ فرۆشتن نابیندرێ."
بێسێنت ستایشی هاوکارییەکانی عومان و ئیماراتی کرد و رایگەیاند، ئەمریکا لەگەڵ پاکستان و تورکیاش لە پەیوەندیدایە بۆ داخستنی سەرجەم رێگە وشکانییەکان بەڕووی تاراندا.
لە بارەی سنووردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی بەرپرسانی ئێرانیش بۆ دەرەوە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە تەنزەوە گوتی: "ئەوان چی دیکە ناتوانن بۆ نەشتەرگەریی جوانکاری بچنە لەندەن، یان سەردانی پاریس بکەن و پارەکانیان ببەنە جنێڤ. ئەگەر هێندە کۆماری ئیسلامیی ئێران دڵخوازی ئەوانە، با لەوێ بمێننەوە و چێژی لێ ببینن."

.jpg&w=3840&q=75)

